Accessibility links

دکتۆر میران: لە سنووری پارێزگای سلێمانی 99% ی منداڵان لە دژی نەخۆشی ئفلیجی کوتراون


دکتۆر میران محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لەم وتووێژەدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا دەڵێت پانزە ڤایرۆسی نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان(هەولێر، سلێمانی، دهۆک) نەماوە و هیچ منداڵێک توش نەبووە بەڵام لەو کاتەوەی ئاوارە و پەنابەر ڕویان کردۆتە هەرێمی کوردستان ترسمان هەیە.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەڵێت ساڵانە وەک هەرێمی کوردستان چوار جار هەڵمەتی کوتانی منداڵانمان دژ بە ئیفلیجی ئەنجامداوە ، بەڵام ساڵی ڕابردوو کە ئاوارە و پەنابەران هاتن زیاتر لە هەشت جار ئەو پڕۆسەیەمان ئەنجامدا، چونکە ئەو منداڵانە لە شوێنێکەوە هاتوون کە جەنگ تێیدا بووە و دڵنیاین هیچ پڕۆسەیەکی کوتان دژ بە نەخۆشیە بڵاوەکانی منداڵان ئەنجامنەدراوە.

وتیشی قەیرانی دارایی کاری نەکردۆتە سەر ئەنجامدانی هەڵمەتی کوتانی منداڵان دژ بە ئیفلیجی، چونکە کارمەندەکانمان ماندوو نەناسانە و خۆ بەخشانە ئەو هەڵمەتە ئەنجام دەدەن و لە گەرمەی بایکۆتی فەرمانبەرانی سلێمانیدا،(٢٠٠٠) کارمەندی تەندروستی بەیانی تا ئێوارە چونەتە کەمپ و لادێ دورەکان بۆ کوتانی منداڵ دژی ئیفلیجی.

دکتۆر میران محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی وتیشی:ئاستی هۆشیاری خێزانەکان زۆر بەرزە بۆ کوتانی منداڵەکانیان و پاراستنیان لە نەخۆشیەکان لە دواین هەڵمەت لەڕۆژانی ٢٣ی مانگ بەدواوە دەستیپێکرد لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە(٢٦٣) هەزار منداڵ کوتراون کە دەکاتە لە ٩٩%.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی جەختی کردەوە بەردەوام دەبن لەسەر هەڵمەتی کوتانی منداڵ لە شار و گوند و ناو کەمپی ئاوارە و پەنابەران لە پێناو بەرزکردنەوەی سیستمی بەرگری لەشی منداڵان و ڕێگری کردن لە نەخۆشیە گوازراوەکان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:11 0:00

XS
SM
MD
LG