Accessibility links

کاتژمێر 9 ی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە شاری سلێمانی خۆپیشاندانێکی فراوان بەڕێوەچوو.

خۆپیشاندانەکە پێشتر لە لایەن دەستەی مامۆستایانی ناڕازی و دەستەی بەرەی خەڵکەوە ئامادەکاری بۆ کرابوو، لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن کە 17 ی ئەم مانگە وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند، یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی خوێندن 27 ی مانگە.

سەرەتا خۆپیشاندانەکە لە دوو شوێنی جیاواز لە کاتژمێر 9 ی بەیانی دەستی پێکرد، مامۆستایانی ناڕازی لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا کۆبوونەوە و دەستەی بەرەی خەڵکش خۆپیشاندانەکەی بردە بەردەم پارێزگای سلێمانی کە فەرمانبەران و هاوڵاتیان تیایدا بەشداربوون لەو خۆپیشاندانە.

لە کاتژمێر 10 ی سەرلەبەیانی مامۆستایان بەڕێکەوتن بۆ لای خۆپشاندەرانی هاوڵاتیان و فەرمانبەرانی دیکە لەبەردەم پارێزگای سلێمانی.

جگە لە داواکردنی موچە، خۆپیشاندەران داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و ئاشکراکردنی داهاتی نەوتی فرۆشراوی کوردستانیان داوادەکرد.

چەند پەرلەمانتارێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عیراق و پەرلەمانی کوردستان ئامادەی بوون و لەناو خۆپشاندەرانەوە داوایان لە چوار لایەنەکە دەکرد کە لە حکومەت بکشێنەوە.

چەندین جار لەلایەن ڕێکخەرانی خۆپیشاندەرانەوە هۆشداری دەدرایە خۆپیشاندەران کە چەند کەسێک تێکەڵ بوون و دەیانەوێت ئاڕاستەی خۆپیشئندانەکە بگۆڕن ، خۆپیشاندەرانیش جەختیان لەسەر بەڕێوەچونی ئاشتیانەی خۆپیشاندانەکان دەکردەوە هاواریان دەکرد بە "ئاشتی".

مامۆستایانی ئاینیش بەشداربوون و ئەوان لەبەردەم خۆپیشاندەران نزایان دەکرد خودا گەندەڵکاران لەناو ببات.

خۆپشاندانەکە بە بەشداری دەیان هەزار مامۆستا و فەرمانبەر و هاوڵاتی ئەنجامدرا نزیکەی 3 کاتژمێر و نیوی خایاند.

XS
SM
MD
LG