Accessibility links

نازم کەبیر ڕەخنە لە ئاسایشی سلێمانی دەگرێت و دەڵێت ناوی خەڵک دەزڕێنن


پاش ئازادكردنی كه‌سێک کە له‌ لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكی گروپێکی بازرگانیکردن به‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر و كوشتنی هاوڵاتیان تۆمه‌تبار كرابوو، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ى ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێیـیه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ڕه‌خنه‌ له‌ ئاسایشی سلێمانی ده‌گرێت و دەڵێت‌ ناوی خه‌ڵک ده‌زڕێنن.

له‌و باره‌یه‌وه‌ نازم كه‌بیر جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ى ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به ‌ده‌نگی ئه‌مەریكای ڕاگه‌یاند ناكرێت ئاسایش خه‌ڵک ده‌ستگیر بكات و تۆمه‌تێک بخاته‌ پاڵی و دواتر به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م بێت ئازادی بكات و بڵێت بێ تاوانە. دەشڵێت‌ ئه‌م كاره‌ ته‌نها مه‌به‌ست لێی ناوزڕاندنی كادیر و لایه‌نێكی سیاسی بووە.

هه‌فته‌ی ڕابردوو ئاسایشی سلێمانی ڕایگه‌یاند هێزه‌كانی ئاسایش گروپێـکیان ده‌ستگیركردووه‌ لە پارێزگای سلێمانی كه‌ كاریان كوشتن و دزیكردن و بازرگانیكردن بووه‌ به‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر.

دوای دوو ڕۆژ له‌ ئازادكردنی ئه‌یوب ڕیشه‌ كه‌ كادیری پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ و پێشتر به‌ سه‌ركرده‌ی ئه‌و گروپه‌ ناوزه‌ندكرا، ناوبراو له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ سلێمانی ڕایگه‌یاند ئاسایش به‌ هه‌ڵه‌ ده‌ستگیریان كردبوو.

ئه‌یوب ڕیشه‌ له ‌باره‌ی ئه‌و تۆمه‌ته‌ی ئاڕاسته‌ی كرابوو و شێوازی دستگیركردن و ئازادكردنی به ‌ده‌نگی ئه‌مەریكای ڕاگه‌یاند" ئاسایش ڕونكردنه‌وه‌ی دا كه‌ منی به‌ هه‌ڵه‌ ده‌ستگیركرد وه‌ خه‌ڵكش ده‌زانێت ئه‌گه‌ر هۆكاری سیاسی له‌ پشت ده‌ستگیركردنه‌وه‌م بووبێت."

نازم كه‌بیر جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش وئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان به‌ پێویستی ده‌زانێت لیژنه‌كه‌یان و په‌رله‌مانیش له‌ دۆسیه‌ی ده‌ستگیركردنی ئه‌و دوو بانده‌ و ئازادكردنیان له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ بكۆڵێته‌وه‌

به‌ پێی ده‌نگۆی چه‌ند میدیایه‌كی لۆكاڵی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێره‌وه‌ به‌رپرسی ئه‌منی هاتووه‌ به‌ مه‌به‌ستی لێپرسینه‌وه‌ له‌و تۆمه‌تبارانه‌، هه‌روه‌ها به‌رپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستانیش ڕاسته‌وخۆ داوای ئازادكردنی ئه‌یوب ڕیشه‌یان كردووه‌

ئه‌یوب ڕیشه‌ ده‌ڵێت حیزبه‌كه‌م مافی خۆیه‌تی ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌ندامێكی خۆی بپرسێته‌وه‌ تا دڵنیا بێت ڕاسته‌ ئه‌و تاوانه‌م ئه‌نجام داوه‌ یاخود نا؟ به‌س ئه‌وه‌نده‌ وتویه‌تی بزانم ئه‌گه‌ر ئه‌م تۆمه‌تانه‌ ڕاسته‌ با له‌و ئه‌ندامه‌ نه‌پرسینه‌وه‌.

هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ نازم كه‌بیر جێگری لیژنه‌ى ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ شتی وا ڕاست نیه‌، كه‌س به‌رگری له‌ تاوانبار ناكات ئه‌گه‌ر دانی به‌ تاوانه‌كه‌یدا نابێت، ده‌بوو به‌پێی یاسا ڕێ و شوێنی له‌گه‌ڵدا بگیرایه‌ به‌ر نه‌ك به‌ ته‌داخولی حیزبی ئازاد بكرێت.

ده‌نگی ئه‌مەریكا ماوه‌ی شه‌ش ڕۆژی ڕابردوو چه‌ندین جار په‌یوه‌ندی كرد به‌ عه‌مید حه‌سه‌ن نوری به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی سلێمانی و به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی ئاسایش ڕائید ڕزگار چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامدانه‌وه‌یان بوو به‌ڵام هیچ كامیان وه‌ڵامیان نه‌دایه‌وه‌.

XS
SM
MD
LG