Accessibility links

فراکسیۆنی پارتی داوای بانگهێشتکردنی قوباد تاڵەبانی بۆ پەرلەمان دەکەن


ماوەیەكە بەرپرسانی یەكێتی نشتیمانی كوردستان باس لەوە دەكەن كەوا ئاگایان لە زۆر مەلەف نیـیە لە هەرێمی كوردستاندا لەوانە مەلەفی نەوت و مەلەفی ئەمنی و چەندین مەلەفی تر، لە بەرامبەردا بەرپرسانی پارتی ئەمە ڕەتدەكەنەوە كەوا یەكێتی ئاگای لەم مەلەفانە نەبێت.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان داوای بانگهێشتکردنی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەكات بۆ پەرلەمانی کوردستان و داوای ڕوونكردنەوەی زیاتر لێ دەكرێت.

لەم بارەیەوە محەمەد عەلی وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمان بە دەنگی ئەمەریكا ڕاگەیاند بە دڵنیاییەوە ئەمەی كەوا بەرپرسانی یەكێتی ئاماژەی بۆ دەكەن لەسەر مەلەفی نەوت و ئەمنی ڕاست نیـیە چونكە بەشێكن لە حكومەت و حكومەتیش بنكە فراوانە و لە هەموویان پێكهاتووە بۆیە پـێویستە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بانگهێشتی پەرلەمان بكرێت و ڕوونكردنەوەی زیاتر لەسەر پرسی نەوت و ئەمنی و ئابووری هەرێمی کوردستان بدات.

لە لایەكی ترەوە دكتۆر عیزەت سابیر ئه‌ندامی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كان لە پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی ئەمەریكا ڕاگەیاند مەلەفی نەوت پەیوەستە بە هەموو لایەک، بە دڵنیاییەوە یەكێتی ئاگای لێ نیـیە ڕۆژێ چەند بەرمیل نەوت لە عەین زالە كە لە داعش سەندراوەتەوە دەنێردرێت، گرنگ لەوەدا نیـیە یەكێتی ئاگای لێ هەیە یاخود نیـیە بەڵام دەبێت خەڵكی كوردستان ئاگای لێ هەبێت، یەک ساڵە ئێمە وەكو پەرلەمانتار داوای گرێبەستی ئیمزاكراوی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دەكەین ناماندەنێ، بۆیە پرسیارەكەی یەكێتی ئەوەیە بۆچی لە 2012 وە هەتا ئێستا یەک گرێبەستی نەوت نانێرنە پەرلەمان.

هەروەها سەبارەت بە پرۆسەی ئەمنی دكتۆر عیزەت وتی" نابێت هەموو هێزە ئاسایشیـیەکان لە دەستی یەک حزبدا بن چونكە ئەو زەمەنە بە سەرچوو ئەم حكومەتە بنكە فراوانە، ناكرێت سەرۆكی هەرێم سەرۆكی هەموو هێزە چەكدارەكان بێت لە لایەكی تریشەوە ئەنجومەنی ئاسایش لە لای مەسرور بارزانی بێت و هەروەها سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانیش دیسان هەر لە لای پارتی بێت، بۆیە ئەمەیە قسەی یەكێتی.

لە لایەكی ترەوە زیرەک كەمال ڕاوێژكاری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە دەنگی ئەمەریكا ڕاگەیاند ئەم لێدوانە دژ بە یەكانە لە لایەن بەرپرسانی پارتی و یەكێتی پەیوەندی بەو ململانێ و ئالۆزیانەوە هەیە كە بەم دوایـیە لە نێوان ئەو دوو حزبە دروست بوون لەسەر پرسی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان و ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، هەر كاتێک نێوان ئەم دوو حزبە باش بێت بە ڕووی دەرەوەدا لە میدیاكان لە پەیوەندیە حزبیەكانیان لە ئاستی سەرەوە و خوارەوە هەست دەكەی ئەوانە وەكو یەک حزب هەڵسوكەوت و سیاسەتیان كردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:50 0:00

XS
SM
MD
LG