Accessibility links

بەشێک لە هێزەكانى پـێشمەرگە بۆ ناو شاروشارۆچكەكان دەگوێزرێنەوە


بەشێک لە هێزەكانى پێشمەرگە لە سەنگەرەكانى كەركوک و دیالە بۆ ناو شاروشارۆچكەكانى سنورى پارێزگاى سلێمانى گواستراونەتەوە بۆ ڕێگریكردن لە هێرشكردنە سەر بارەگا حزبى و حكومیەكان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە.

عەقید عیرفان حەمەخان فەرماندەى باڵاى پێشمەرگە لە میحوەرى پارێزگاى دیالە، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"بەشێک لە هێزەكانى پێشمەرگە گواستراونەتەوە بۆ ناو شاروشارۆچكەكانى سنورى گەرمیان بۆ ڕێگرتن لە هێرشكردنە سەر دامەزراوە حكومى و حزبیەكان."

وتیشى"ئەو هێزانە خراونەتە ژێر فەرمانى ئیدارەى گەرمیانەوە."

لاى خۆشیەوە لیوا محەمەد قادر فەرماندەى میحوەرى داقوق ى هێزى پێشمەرگە بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند" داعش تەواو لاواز بووە و مەترسى لەسەر سەنگەرەكان نەماوە، بۆیە بەشێک لەو هێزانەى پێشمەرگە كە لە پشودا بوون بۆ ناو شارەكان گواستراونەتەوە."

گواستنەوەى هێزەكانى پێشمەرگە بۆ نێو شاروشارۆچكەكان، لە كاتێكدایە ماوەى چەند رۆژێكە خۆپیشاندان سنورى ئیدارەى سلێمانى گرتووەتەوە و ژمارەیەک لە بارەگاى سەربە حزبەكان سوتێنراون.

XS
SM
MD
LG