فەرماندەى هێزەکانى 70 ى پێشمەرگە، ئاماژە بەوەدەکات ژمارەیەکى زۆر چەکدارى داعش لەدەوروبەرى قەزاى حەویجەى رۆژئاواى کەرکوک کۆبوونەتەوە، پلانى زیان گەیاندنیان بە هێزەکانى پێشمەرگە هەیە.
جەعفەر شێخ مستەفا ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش تواناى هێرشى لەدەوروبەرى کەرکوک ماوە، بەڵام تواناى پاراستن و مانەوەى لەهەر ناوچەیەک نەماوە کە بیەوێت کۆنترۆڵى بکات."
بەپێى وتەى فەرماندەى هێزەکانى 70 ى پێشمەرگە، ئەو چەکدارانەى داعش کە لەدەورەبەرى حەویجە کۆبونەتەوە ، ئەو چەکدارانەن کە پێشتر لە ناوچەکانى ئەنبار و شەرگات و تکریت بوون.
دەربارەى پلانى پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان بۆ دەستپێکردنى هێرشى حەویجە، جەعفەر مستەفا وتى"پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان پلانیان بۆ کۆنترۆڵکردنى حەویجە داڕشتووە و هیچ لایەکیان ، ناتوانن بێ ئەویتریان هێرش بکات."
ئەو چەکدارانەى داعش کە لەدەوروبەرى قەزاى حەویجە کۆبونەتەوە ناوبەناو هەوڵى هێرش کردنە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە دەدەن ، بۆیە فرۆکەکانى هاوپەیمانان دێنە خەت و بەچڕى بۆردومانیان دەکات.