Accessibility links

جموجۆڵى داعش فەرماندەكانى پێشمەرگەى بۆ سەنگەرەكان بردەوە


بەرپرسانى پارێزگاى كەركوك و سەڵاحەدین، ئاماژە بەوەدەكەن هێزەكانى داعش جموجۆڵی زۆریان لە سنورى كەركوكەوە هەتا دەگاتە سنوورى دەریاچەى حەمرین لە پارێزگاى دیالە دەستپێكردووە، بۆیە هێزەكانیان خستووەتە حاڵەتى ئامادەباشیەوە.

عەمید كاوە غەریب فەرماندەى پۆلیسى قەزاى داقوق لە باشورى كەركوك ، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"داعش جموجۆڵێكى ناسروشتى بەدرێژایى سنورەكانى نێوان پارێزگاى كەركوك و سەڵاحەدین هەتا دەگاتە دەریاچەى حەمرین دەستپێكردووە."

ناوبراو وتیشى"نەخشە و پلان لە پشت ئەو جموجۆڵانەى داعشەوەیە كە هەتا ئێستا نازانین ئەنجامدانى هێرشە یان هەوڵدانە بۆ دزەكردنە نێو شار و شارۆچكەكان."

چەكدارەكانى داعش لە سنورى موسڵ و مەخمور و گوێڕەوە ناوبەناو هێرش دەكەنە سەر سوپاى عێراق و هێزى پێشمەرگە، بەڵام ماوەیەكى زۆرە ئەو رێكخراوە لە قوڵى كەركوك و سەڵاحەدینەوە هیچ جموجۆڵێكى نەبووە.

عەبدوڵا بۆر فەرماندەى میحوەرى پارێزگاى سەڵاحەدین ى هێزى پێشمەرگە، بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"من لە پشودابووم کاتێک ئاگادار كرامەوە كە داعش جموجۆڵێكى فراوانى دەستپێكردووە بۆیە ئەمڕۆ گەڕامەوە بۆ دەوام."

چەند شەوێک لەمەوبەر داعش بە 8 گوللە هاوەن ناحیەى قەرەتەپەى پارێزگاى دیالەى بۆردومانكرد و بەرپرسانى ناحیەكەش باس لە كردنەوەى سەربازگەیەک دەكەن لەلایەن ئەو ڕێكخراوەوە لە نزیک دەریاچەى حەمرین.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:31 0:00

XS
SM
MD
LG