Accessibility links

كۆمەڵى ئیسلامى ئامادەیە دەستبەردارى پـۆستى سكرتێرى پەرلەمان ببێت


سەرۆكى فراكسیۆنى كۆمەڵى ئیسلامى لە پەرلەمانى كوردستان، ئامادەیى حیزب و فراكسیۆنەكەى بۆ رادەستكردنى پۆستى سكرتێرى پەرلەمانى كوردستان بە یەكێتى نیشان دا و دەڵێت"پۆستى سكرتێرى پەرلەمان ئیستیحقاقى یەكێتى‌یە و ئێمە بە تەكلیف وەرمانگرتووە."

مەروان گەڵاڵى، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"كاتى خۆى یەكێتى داواى پۆستى جێگرى سەرۆكى پەرلەمانى دەكرد و بەپۆستى سكرتێرى پەرلەمان رازى نەبوو، بۆیە ئێمە بەتەكلیفى سەرۆك و جێگرى سەرۆكى پەرلەمان پۆستەكان بەشێوەى كاتى وەرگرتووە."

سەرۆكى فراكسیۆنى كۆمەڵى ئیسلامى، پێیوایە مەسەلەى لێسەندنەوەى پۆستى سكرتێرى پەرلەمان لە حیزبەكەى و رادەستكردنى بەیەكێتى لەلایەن پارتیەوە دەوروژێنرێت، وتى"هیچ بەرپرس و كادیرێكى پارتى لەسەرەوە تا خوارەوە بۆیان نیە باسى پۆستى سكرتێرى پەرلەمان بكەن، چونكە ئەو پۆستە پەیوەندى بەوانەوە نیە و ئیستیحقاقى یەكێتى‌یە."

مەروان گەڵاڵەیى ، رەتیكردەوە تا ئێستا یەكێتى داواى پۆستى سكرتێرى پەرلەمانى لێكردبن و ، وتى"هەركات داواى پۆستەكەیان كرد بە رێزەوە رادەستیان دەكەین."

بەڵام شیلان جەعفەر ئەندامى پەرلەمانى كوردستان لە فراكسیۆنى پارتى، ئاماژەى بەوەكرد حیزبەكەى پێویستى بەوە نیە كار بۆ لێسەندنەوەى پۆستى سكرتێرى پەرلەمان لەكۆمەڵى ئیسلامى و پێدانى بەیەكێتى نیشتیمانى بكات.

پێشتر یەكێتى داواى پۆستى جێگرى سەرۆكى پەرلەمانى كوردستانى دەكرد و وەرگرتنى پۆستى سكرتێرى پەرلەمانى رەتكردەوە، بۆیە ئەوكات بەشێوەى كاتى پۆستى سكرتێرى پەرلەمان درایە كۆمەڵى ئیسلامى بەڵام هەتا ئێستا پۆستەكە لاى ئەو حیزبە ماوەتەوە.

XS
SM
MD
LG