به‌یانى ئه‌مڕۆ 5 چه‌كدارى خۆكوژى داعش هێرشیانكرده سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانى پێشمه‌رگه له رۆژئاواى كه‌ركوك و ، دواى شه‌رێكى 3 كاتژمێرى هه‌ر 5 چه‌كداره خۆكوژه‌كه كوژران و خۆیان ته‌قانده‌وه.
كه‌مال كه‌ركوكى فه‌رمانده‌ى میحوه‌رى رۆژئاواى كه‌ركوكى پێشمه‌رگه، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد ژماره‌یه‌ك چه‌كدارى تر‌ى داعش پشتیوانى چه‌كداره خۆكوژه‌كانیان كردووه و به‌چه‌كى جۆرى دۆشكه ته‌قه‌یان له‌سه‌نگه‌ره‌كانى پێشمه‌رگه كردووه.
ناوبراو وتیشى"دواتر پێشمه‌رگه هێرشه‌كه‌ى تێك‌شكاند و هه‌ر 5 چه‌كداره خۆكوژه‌كه‌ش كوژران و خۆیان ته‌قانده‌وه."
به‌وته‌ى به‌رپرسانى پێشمه‌رگه، داعش هێرشه‌كه‌ى له سنورى گوندى گه‌راوى رۆژئاواى كه‌ركوكه‌وه ئه‌نجامداوه و ، به‌هۆى هێرشه‌كه‌وه 2 پێشمه‌رگه گیانیان له‌ده‌ستداوه و ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ش برینداربوون ، كه له‌نێو برینداره‌كاندا غه‌فور ده‌روێش ناسراو به مامه غه‌فه‌ى تێدایه كه یه‌كێكه له‌فه‌رمانده باڵاكانى هێزه‌كانى 70 ى پێشمه‌رگه.
لیوا شوان حه‌مه‌غه‌ریب فه‌رمانده‌ى پێشمه‌رگه له‌رۆژئاواى كه‌ركوك، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"چه‌كداره خۆكوژه‌كان ته‌نها یه‌كێكیان له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه كوژراوه و ئه‌وانیتریان خۆیان ته‌قاندووه‌ته‌وه."
له‌چه‌ند رۆژى رابردووش‌دا داعش هه‌ر له‌قۆڵى رۆژئاواوه له ڕێگه‌ى 6 خۆكوژه‌وه هێرشێكى هاوشێوه‌ى كردبووه سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانى پێشمه‌رگه ، هه‌ر بۆیه پێشمه‌رگه له‌و ناوچه رێوشوێنى توندى گرتووه‌ته به‌ر و رێگه‌ى هاتووچۆى گوندنیشینه عه‌ره‌به‌كانى بۆ سنوره‌كانى پێشمه‌رگه بریووه.