Accessibility links

داعش هێرش دەکاتە سەر سەنگەرەكانى پێشمەرگە لە باشورى كەركوک


شەوى یەکشەممە لەسەر دووشەممە داعش لە رێگەى چەند مەفرەزەیەک چەكدارەوە هێرشى كردە سەر سەنگەرەكانى پێشمەرگە لەگوندى موڕەى باشورى كەركوک ، بەڵام لەلایەن پێشمەرگەوە هێرشەكەى داعش تێكشكێنرا.

لیوا محەمەد قادر فەرماندەى پێشمەرگە لە باشورى كەركوک ، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"هێرشەكەى داعش لەلایەن پێشمەرگەوە بەرپەرچ دراوەتەوە و تەرمى چەند چەكدارێكى ئەو رێكخراوە كەوتووەتە دەست پێشمەرگە."

هێرشەكەى شەوى رابردووى داعش بۆ سەر سەنگەرەكانى پێشمەرگە، هاوكاتە لەگەڵ بەجێهێشتنى قەزاى حەویجە لەلایەن دانیشتوانەكەى و هەڵاتنیان بەرەو ناوچەكانى ژێر دەسەڵاتى ئیدارەى كەركوک، كە بەپێى وتەى ئاوارەكانى حەویجە داعش لە دۆخێكى خراپدایە و هەوڵى دەستگیركردنى ئەو خەڵكانە دەدات كە بە كۆمەڵ و بەشێوەى قاچاخ هەڵدێن.

عەمید روكن ئاراس عەبدولقادر فەرماندەى لیواى نۆى پێشمەرگە لەباشورى كەركوک، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"داعش لاواز بووە ، دەیەوێت لە رێگەى هێرشەكانیەوە ئەو پەیامە بگەیەنێت كە هێشتا كاریگەرى ماوە و تواناى تۆقاندنى نەیارەكانى هەیە."

هەفتەى رابردووش چەند خۆكوژێک هێرشیانكردە سەر كێڵگەى نەوتى باى حەسەن و گڕیان لە كۆگاكانى ئەو كێڵگەیە بەردا، كە بەپێى وتەى بەرپرسانى پێشمەرگە دوو لەخۆكوژەكان تونسى بوون.

XS
SM
MD
LG