Accessibility links

کاتژمێر 3 ى بەرەبەیانى ئەمڕۆ هەینی ژمارەیەک چەکدارى داعش دزەیانکردە نێو شارى کەرکوک و قەزاى دوبسى رۆژئاواى کەرکوک. ژمارەیەک لەو چەکدارانە کوژراون و ژمارەیەکیشیان رۆیشتونەتە نزیک بینا و باڵەخانەکان و بە قەناس تەقە لە هێزە ئەمنیەکان دەکەن.

بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمەریکا، داعش سەرەتا بە 3 چەکدارى خۆکوژ هێرشى کردووەتە سەر بیناى کارەباى قەزاى دوبس و ژمارەیەک کارمەندى کارەبایان بە بارمتە گرتووە و دواتر گولـلەبارانیان کردوون.

حسین محەمەد ئەفسەرى پێشمەرگە لە رۆژئاواى کەرکوک، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لە کارەباى دوبس داعش 14 کارمەندى کارەبا و پاسەوانیان بە بارمتە گرت و گولـلەبارانیان کردن."

وتیشى"5 لە کارمەندە کوژراوەکان ئێرانین و لە کۆمپانیایەکى وەبەرهەمهێناندا کاریان کردووە."

ئەو 3 خوکوژەى کارمەندەکانیان گولـلە بارانکرد لە لایەن هێزە ئاسایشیـیەکانەوە کوژران.

بەپێى وتەى فەرماندەکەى پێشمەرگە، دواتر گروپێک چەکدارى داعش دزەیانکردووەتە نێو گوندى کوتانى سەر ڕێگەى دوبس و دواى ڕووبەڕووبوونەوەیەکى یەک کاتژمیرى لەلایەن پیشمەرگەوە کوژراون.

هێزە ئاسایشیـیەکان مەزەندە دەکەن دەیان چەکداری داعش بن کە دەزەیانکردووە بۆ نێو گەڕەکەکانى ئەسراو مەفقودین و یەکى حوزەیران و عەسکەرى و بیناى بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى کەرکوک و بیناى پـێشووى پۆلیسى کەرکوک و هاوکات ئۆتۆمیبیلێکیشیان ڕەوانەى بەردەم بیناى پارێزگای کەرکوک کردبوو کە لە پێش بیناکە تەقیـیەوە.

موقەدەم فاروق هەمەوەندى بەڕێوەبەرى ئاسایشى دۆمیز لە کەرکوک بە دەنگى ئەمەریکاى ڕاگەیاند"ژمارەی ئەو چەکدارانەى داعش کە دزەیانکردووەتە ناو کەرکوک سەرووى 50 کەسن."

وتیشى لە لێکۆڵینەوەدان هەتا بزانین لە سەنگەرەکانى پێشمەرگەوە دزەیانکردووەتە ناو کەرکوک یان لە دەرەوەوە هاتوون."

بەپێى وتەى بەرپرسانى ئاسایشى کەرکوک بەو داعشانەى کە کوژراون و بەوانەشەوەی کە خۆیان تەقاندووەتەوە هەتا ئێستا نزیکەى 20 چەکداری داعش کوژراون.

موقەدەم فاروق وتى"لە کاتژمیر 3 و نیوی بەرەبەیان 4 چەکداریان خۆیان تەقاندووەتەوە."

ئەو چەکدارانەى داعش کە دزەیانکردووەتە ناو کەرکوک بە ئۆتۆمبیلى جۆرى بارهەلگرى دووتەنى بەناو گەڕەکە عەرەب نیشینەکاندا سوڕاونەتەوە و لە مینبەرى هەندێـک مزگەوتەوە دەنگى ئەڵاهو ئەکبەریان بیستراوە.

فەرهاد محەمەد کە دانیشتویەکى گەڕەکى ئەسرا و مەفقودینە وتى"داعشەکانمان بینى بە چەک و تەقەمەنیەوە و زۆر بە ئازادانە لە ناو ئۆتۆمبیلەکان دابەزین."

لە ئێستادا چەکدارەکان لە نێو بینا و باڵەخانەکاندا جیگیربوون و هێزە ئاسایشیـیەکانیش گەمارۆیان داون و لە هەندێک جێگە شەڕ بەردەوامە.

عەمید کاوە غریب فەرماندەى پۆلیسى داقوقى باشورى کەرکوک، بە دەنگى ئەمەریکاى وت"دوو رۆژ لەمەوبەر نزیکەى 200 چەکدارى داعش هاتنە نزیک سەنگەرەکانمان ئێمە وامانزانى هێرش دەکەن و پێشمەرگە خرانە حاڵەتى ئامادەباشیەوە."

وتیشى"گومان دەکرێت ئەو چەکدارانە بن کە دزەیانکردووەتە ناو کەرکوکەوە."

جێی ئاماژەیە هێزێـکی زۆر گەیشتووەتە شاری کەرکوک و لە ئێسـتادا بە پـۆلیس و ئاسایشی و پـێشمەرگەی پارتی و یەکێتی و دژە تێرۆر ڕووبەڕووبوونەوەی داعشەکاندان.

هەروەها ژمارەیەک داعش لە گەڕەکی مەجیدیـیە لە بینایەک خۆیان حەشارداوە و هێزێـکی پەکەکە گەمارۆی داون.

بەپـێی دوایـین هەواڵ هێزێـکی داعش کە لە 8 چەکدار پـێـکهاتبوون هەوڵیان دابوو بچنە نێو شارەکە لە دیوی گەڕەکی عروبەوە، بەڵام هێزێـکی دژە تێرۆر هەموویانی کوشت.

هەروەها بەپـێی دوایـین زانیاری دەزگا ئاسیشیـیەکان ئاشکرابووە چەکدارەکانی داعش لە دەرەوە دزەیان بۆ ناو شارەکە کردووە.

دڵشاد ئەنوەر پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا ڕاستەوخۆ لە کەرکوکەوە ڕاپـۆرتی بۆ بەرنامەکانی ڕادیۆکەمان هەبوو. هەروەها ژیار محەمەد پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی لە بارەی گەیشتنی بریندارانی شەڕەکان دەدوێت.

لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک لە تەندروستی کەرکوکەوە بۆ دەنگی ئەمەریکای پشـتڕاستکردەوە کە دەیان کەس گیانیان لەدەسـتداوە یان برینداربوون و زۆربەیان لەو خەڵکە خۆبەخشەن کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش هاتوون.

XS
SM
MD
LG