Accessibility links

فازڵ میرانی: کۆبوونەوەکەی 23 ی حوزیرانی پەرلەمانی هەرێمی کوردسـتان گرێ کوێرەکەی پـرسی سەرۆکایەتی قورسترکرد


فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە میانی وتوێژێكی تایبەتدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكا، ئاشكرای دەكات پارتی دیموكراتی كوردستان پێشنیاری سێیەمی داوەتە چوار لایەنەكە لە بەرامبەریشدا چوار لایەنەكە پێشنیارێكی نوێیان لەسەر سەرۆكی هەرێم داوەتە پارتی دیموكراتی كوردستان.

فازڵ میرانی ڕوونی دەكاتەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان پێشنیارێكی نوێی داوەتە چوار لایەنەكە لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و داوای كردووە ئەو پرسە لە پەرلەمانی داهاتوودا یەكلایی بكرێتەوە چونكە بە وتەی میرانی ئەم پەرلەمانە بەهۆی كۆبوونەوەكەی 23ی حوزەیرانەوە ئیرادەی خۆی تێكشكاندووە و پرۆژەی لە حیزبەكان وەرگرتووە و كاری سیاسی كردووە."

بە وتەی فازڵ میرانی، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە قسەكانی خۆی پەشیمان بۆتەوە چونكە ئەو (سەرۆكی پەرلەمان) كە سەردانی لایەنەكانی كردووە بە پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە وتویەتی" پرسی سەرۆكایەتی هەرێم پرسێكی سیاسیە نەک یاسایی."

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان وتیشی: ئەگەر لایەنەكانی تر كۆبوونەوەكەی 23ی حوزەیرانیان بە وەرچەرخانی یاسایی ناودەبرد، ئەوا ئێمە مژدەیان پێدەدەین لە دوای 19ی ئابەوە وەرچەرخانێكی سیاسی بوو."

میرانی ئەوەش دەخاتە ڕوو کە لایەنەكانی تر ڕازیبوون بەوەی سەرۆكی هەرێم لە هەمان كاتدا سەرۆكی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بێت بەڵام بە تەنها لە كاتی شەڕدا، لە كاتی ئاشتیشدا وەزیری پێشمەرگە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بێت."

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە كاندیدی حیزبەكەی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم بە تەنها مەسعود بارزانیە و دەڵێت "بۆ ئێمە كاندیدی خۆمان بگۆڕین و خەڵک لە سەرمان فەرز بكات؟!"

میرانی دووپاتی دەكاتەوە ئێستا سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسا مەسعود بارزانی‌یە و ئیعتراف بە سەرۆكی پەرلەمان ناكەن چونكە ئەنجومەنی شورای قەزا بڕیاری داوە كە سەرۆكی هەرێم لە كارەكەی بەردەوام بێت و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە هەموو عەقڵانیەتێكەوە مومارەسەی كارەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی نەكردووە."

فازڵ میرانی ڕەخنە لە سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەگرێت چونكە بە وتەی ئەو ستەمیان لە بەرهەم ساڵح كردووە كە پڕۆژەكەیان ڕەتكردۆتەوە و دەڵێت" پڕۆژەكەی بەرهەم ساڵح لە پڕۆژەكەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نزیک بوو، چونكە دكتۆر بەرهەمیش باسی سازانی كردبوو، واتە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم سیاسیە نەک یاسایی، پاش ئەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی تەبەنی كرد ئێمە دڵمان خۆشبوو، بەڵام بەداخەوە لە ماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێردا بۆچونیان بە 180پلە گۆڕا و ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئەو زوڵمەی لە دكتۆر بەرهەم كرد."

فازڵ میرانی وەڵامی ئەو پرسیارەش دەداتەوە كە بۆچی لە سەروتاری فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بە بەشێک لە سەركردایەتی یەكێتیان وتووە پاشكۆی گۆڕان، هەروەها باس لە پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی و چەند پرسێكی تری گرنگ دەكات.

XS
SM
MD
LG