Accessibility links

محەمەد جەبار: کەسانی توندڕەوی دەمارگیر لە ئازادی دەترسن


تیرۆر تەنها هێزێکی سەربازی و کوشندە نیە؛ بەڕای شارەزایان داعش بەرلەوەی هێزێکی کوشندە و تیرۆریستی بێت خاوەنی کولتور و هێزێکی ئایدۆلۆژییە و کێشەکە تەنها تیرۆر نییە، داعش و مەترسییەکانی تیرۆر سەرجەم جیهانی لەیەک گۆڕەپانی جەنگ و پڕ کێشمەکێشی سەربازی و ناوچەیی و ئاینییدا کۆکردەوە، بەڵام ئایا خودی مرۆڤ و پەروەردە و ئاین و جیهان بەشدار نیین لەم نەهامەتییە گەورەیەدا؟

ئایا جیهادییەکان و رادیکالیستە ئیسلامییەکانی لەخۆرهەڵات مەترسییەکی گەورەی شارستانی و کۆمەڵایەتین بۆ ناوچەکە؟ ئایا سەلەفیەتگەرایی نوێ دەرئەنجامی چ بەریەککەوتنێکی کۆمەڵایەتی و شارستانییە یان سودوەرگرتنە لە نەهامەتییەکانی دنیای هاوچەرخ و گەندەڵ و نادادپەروەری و سەرگەردانی سیاسی و دیکتاتۆرییەت؟ هەمەڕەنگی تەوژمە ئیسلامییهەکانی خۆرئاوا دەرەئەنجام نابنە خولقاندنی زەبروزەنگ و توندوتیژی شارستانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا؟
بۆ ئەم مەبەستە ئاسۆ جەبار لەدەنگی ئەمریکاوە بۆ بەرنامەی رەهەندەکان وتووێژێکی لەگەڵ شرۆڤەکار و رەخنەگری ئاینی محەمەد جەبار سازکردووە.

محەمەد جەبار دەڵێت "داعش تەنها بزوتنەوەیەکی جیهادی نیە، تەنها بزوتنەوەیەکی چەکداری نیە، داعش بزوتنەوەیەکی فیکرییە، بەرهەمی کتێبەکانی کولتوری ئیسلامییە، کە سەدان ساڵ و زیاد لە هەزار ساڵ لەمەوبەر نوسراون، هەروەها ئیخوانیش تەنها بزوتنەوەیەکی فیکری نیە، وەکچۆن بزوتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیشە و دەیان ساڵ کاریان بۆ کرد تا بگاتە دەسەڵات، کە گەیشتنە دەسەڵاتیش دەرکەوت کە مەرامیان چیە".

سەبارەت بە هەلومەرجە سیاسی و ئابورییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش دەڵێت "ئەو هەلومەرجە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە بەتایبەتی لەناوچەکەداو بەگشتی هۆکارگەلێکن بۆئەوەی کە ڕەوتی ئیسلامی لەزیادبووندا بێت".

دەشڵێت "لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دیاردەی ئیسلامی سیاسی زۆر مەترسیدارە".

سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش؛ محەمەد جەبار دەڵێت "لەهەرێمی کوردستاندا ئیسلامی سیاسی لە گەشەکردندایە؛ بە حوکمی ئەوەی دەسەڵات خزمەتی خەڵک ناکات و خەڵکی پشتگوێخستووە؛ لەبەرئەوە ئیسلامی سیاسی لەبەرەو پێشچوندایە".

هاوکات دەڵێت "کەسانی توندڕە، کەسانی رادیکاڵ و دەمارگیر لەئازادی دەترسن، چونکە گومانیان هەیە لەبیروباوەڕەکانی خۆیان".

please wait

No media source currently available

0:00 0:14:22 0:00

XS
SM
MD
LG