Accessibility links

شەوى رابردوو لەنزیك گوندى تیمارى سەربە قەزاى چەمچەماڵ 4 چەكدارى كوردى داعش كەوتنە بۆسەیەكى هێزەكانى دژە تیرۆرەوە و هەر 4 چەكدارەكە كوژران.

ئامانج كەساس قایمقامى قەزاى چەمچەماڵ ، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"4 چەكدارەكەى داعش 3 یان كوژراون و ئەویتریان خۆى تەقاندووەتەوە."

كوژرانى 4 چەكدارەكەى شەوى رابردووى داعش لەكاتێكدایە چەند شەوێك لەمەوبەر هەر لەو ناوچەیە دوو چەكدارى ترى كوردى ئەو رێكخراوە كەوتنە بۆسەى هێزە ئەمنیەكانەوە ، كە یەكێكیان خۆى تەقاندەوە و ئەویتریان كوژرا كە هەردووكیان كورد بوون.

بەپێى زانیاریەكانى دەنگى ئەمەریكا، بەهۆى خۆ تەقاندنەوەى چەكدارەكەى داعشەوە 3 كارمەندى هێزە ئەمنیەكان برینداربوون و ، بەپێى وتەى سەرچاوەیەكى تایبەتیش 4 چەكدارەكەى داعش كە شەوى رابردوو كوژران دوانیان خەڵكى سنورى ئیدارەى گەرمیانن.

لەلایەكى ترەوە عوسمان عەبدولكەریم بەرپرسى راگەیاندنى ئاسایشى گەرمیان، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"لایەنگرێكى داعش لەگرتوخانەى ئاسایشى گەرمیان خۆى خنكاندووە و گیانى لەدەستداوە."

كوژرانى 6 چەكدارى داعش لەماوەى 3 شەوى رابردوو لەسنورى چەمچەماڵ ، لەكاتێكدایە هێزە ئەمنیەكان زانیاریان لەبارەى دزەكردنى گروپى ترى چەكدارى كوردى ئەو رێكخراوە بۆ هەرێم دەستكەوتووە و بەردەوامن لەئەنجامدانى ئۆپەراسیۆن.

XS
SM
MD
LG