Accessibility links

سەردار محەمەد: لەکوێی دنیادا حیزب هەیە موخابەراتی هەبێت، بەندیخانەی هەبێت و چەکداری هەبێت


بەپێی راپۆرتە جیهانییەکان بەتایبەتی ئەمینیستی ئینتەرناشناڵ و پەیامنێرانی بێسنور، رێکخراوی بەرگری لە رۆژنامەنوسان CPJ و Freedom house و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و هەڵمەتی بەدەنگەوەهاتنی یونسکۆ تێکڕا سەبارەت بە ڕەوشی رۆژنامەنوسان و میدیا سەربخۆکان دەرخەری ئەو راستیانەن کە پێشێلکارییەکی زۆر بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان و میدیا سەربەخۆکان لە ئارادایە لە جیهاندا بە گشتی و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەتی. هاوکات هەرێمی کوردستانیش بێبەش نەکراوە لەو راپۆرتانەو دوورو نزیک ئاماژە بە زۆرێک لەو پێشێلکاریی و توندوتیژیانە دراوە و باس لەمەترسییەکانی بەردەم میدیا و رۆژنامەنوسان کراوە.

ئاوەهاش شارەزایان تیشکدەخەنە سەر گەلێک جیاوازی و نابەرابەری بێشومار کە لەنێوان ئەو وڵاتانەی کە ئازادی رادەربڕین و ئازادی بڵاوکردنەوە لە دۆخێکی شارستانی و مرۆڤدۆستانەدایە و وڵاتگەلێکی دیکەش کە میدیای ئازاد و ئازادی رۆژنامەگەریی لە بەردەم مەترسی شکست و داخستن و نەماندایە. شارەزایان و چاودێران رایانوایە دیموکراسی بەبێ سەروەری یاسا و ئازادی رۆژنامەگری و بنەما هەرە بنچینەیەکانی مافی مرۆڤ و رووبەرەکانی ئازادی رادەربڕین و دادوەری کۆمەڵایەتی، خاڵی دەبێتە لەمانا هەرە بنەڕەتییەکانی.

سەبارەت بە بارودۆخی میدیای ئازاد و خۆڕاگرییان بەرامبەر پێشێلکاریی و فشارە ئابورییەکان ئاسۆ جەبار بۆ بەرنامەی ڕوانگە لە دەنگی ئەمریکاوە وتووێژێکی لەگەڵ سەرنوسەری رۆژنامەی ئاوێنە سەردار محەمەد سازکردووە.

سەردار محەمەد دەڵێت "لەحیزبەکانی ناو دەسەڵاتدارێتی هەرێمی کوردستاندا چەند گروپێک هەیە وەک مافیا کاردەکەن، کە بە تاڵانبردنێکی زۆری داهاتی گشتی هەیە، گەندەڵییەکی گەورە هەیە، کاتێک رۆژنامەنوسێکی بوێر تیشکدەخاتە سەر ئەم بوارانە، ئیتر ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆ نمونە کاوە گەرمیانی یەکێک بوو لەو نمونانەی رووبەڕووی تیرۆرکردن بووەوە، لەبەرئەوەی رۆژنامەنوسێکی بوێر بوو."
هەروەها لەبارەی ئاستەنگەکانیشەوە دەڵێت "هاوکات میدیای ئەهلی توانای دارایی و مادی زۆر کەمە ئەبنە هۆی فریودانی ئەو رۆژنامەنوسانەی کە لەمیدیای ئەهلیدا ماون و ئیشدەکەن، لەڕێی بەخشینی موچەو پارەیەکی زیاترەوە بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەبنە هۆی کڕینی ئەو رۆژنامەنوسانە."

هاوکات دەڵێت "ئەو میدیایانەی کە ئێستا هەن بەتایبەتی کەناڵەکانی راگەیاندن، هەر یەکەو بەجۆرێک لەجۆرەکان هەستدەکەی ئەجێندای حیزبێکی دیاریکراو دەبات بەڕێوە، یان دەیەوێت ئەجێندای حیزبەکان بکات بە ئەجێندای خەڵک."

دواجار سەردار محەمەد دەڵێت "لەکوێی دنیادا حیزب هەیە موخابەراتی هەبێت، بەندیخانەی هەبێت و چەکداریان هەبێت."

فەرموون لەگەڵ تەواوی وتووێژەکە.....

XS
SM
MD
LG