Accessibility links

دوو ڕاپـۆرتی دەنگی ئەمەریکا جێبەجێکردنی یاسایەک لە هەرێمی کوردسـتان چالاک دەکات


پاش بڵاوبوونەوەی دوو ڕاپـۆرت لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، دادگای پـیاداچوونەوەی هەرێمی کوردسـتان بڕیاری کارکردنی بە ماددە چواردەی یاسای هۆشبەر لە دادگاکانی هەرێمی کوردسـتان خستەوە کار بۆ ئەو کەسانەی بازرگانی بە هەندێـک جۆری دەرمانی پـزیشکی لە بازاڕی ڕەشدا دەکەن و دەینێرن بۆ وڵاتی ئێران بۆ دروسـتکردنی ماددەی هۆشبەر، یاخود بەکاری دەهێنن.

هەردوو ڕاپـۆرتەکە کە لە لایەن ژیار محەمەد پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە شاری سلێمانیـیەوە ئامادەکرابوو، لە پاێزی ئەمساڵ لە میانەی بەرنامەی کوردکۆنێکشن و لە ڕێگەی کەناڵی NRT وە پەخش کران.

لە ڕاپـۆرتەکەدا عەمید جەلال ئەمین بەگ بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر لە سلێمانی دەڵێت " بەداخەوە لای ئێمە مەحکەمەی تەمیز (دادگای پـیاداچوونەوە) لە 2014 ئەمەی بە نایاسایی لە قەڵەم دا و هەڵایانوەشاندەوە. موقابەلەیاکمان کرد لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا و لەگەڵ تەلەفیزیۆنەکانی دیکەش کردوومانە، بەڵام ئەوەی دەنگی ئەمەریکا کارگەرتربوو و خۆشبەختانە ئێسـتا بووەتەوە بە 14 ی موخەدەرات، دیارە ئەو بەرنامەیە کاریگەری خۆی هەبووە و ئێسـتا گەڕاوەتەوە شوێنی جارانی خۆی، وەکو 14ی موخەدەرات ئێمە کاری پـێدەکەین."

پـێشـتر دەنگی ئەمەریکا لە بەداچوونێـکدا ئاشکرای کرد لە هەرێمی کوردسـتاندا مامەڵەی بازرگانی بە چەند دەرمانێـکی پـزیشکیـیەوە لە بازاڕی ڕەشدا دەکرێت و ئەم دەرمانانە دەبرێنە وڵاتی ئێران و دەکرێتە ماددەی هۆشبەر لە جۆری شیشە و کڕیستاڵ. ڕاپـۆرتەکە بە دوو بەش لە کۆتایی مانگی نۆ و سەرەتای مانگی دە بڵاوکرایەوە.

عەمید جەلال دەشڵێت" مانگی نۆ دەنگی کوردی ئەمەریکا، هات موقابلەیەکی ئێمەی کرد لەسەر کێشەی ماددە هۆشبەرەکان، بە تایبەتی حەب و شروب و ئارتین و شیشە کە گەنجێـکی زۆر ڕووی تێکردووە و کاردانەوەیەکی خراپی هەبووە لە هەرێمی کوردسـتان. وتیان ئەو ماددەیە بۆ ئیجرائات ناکرێت؟ بۆمان باسبکەن کە ئەو ماددەیە لە مەحکەمەی تەمیز ئیلغایان کردووەتەوە و ئێمە لە 2012 لەسەر فەرمانی وەزیری تەندروسـتی کە دەسەڵاتی هەیە لە ماددەی 13 هەم لە قانونی عقوباتی 14 ی موخەدەرات کە ئەو ماددانەی زیانبەخشن یان هۆشبەرن دەتوانێت بیخاتە خانەی ماددە هۆشبەرەکانەوە."

بەپـێی یاسا کەسێـک بە ماددەی 240 ی یاسای سزادان سـازابدرێت سزاکەی سووکە، بەو پـێـیەی کەسی سزادراو لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا بە کەفالەت ئازاددەکرێت و دواتریش زۆربەی کاتەکان بە بڕێـک غەرامەی ماددی ڕزگاری دەبێت. هەرچی ماددە 14 ی یاسای هۆشبەرە، کەسی سزادراو بە کەفالەت ئازادناکرێت و سزاکەی زیندانیکردنە."

عەمید جەلال لەم بارەیەوە گوتی " دیارە جاران کردبوویان بە 240 ی موخالەفە. ئەوەی کە پـێی ئەگیرا بە کیلۆ یان بە دوو کیلۆ، یەک شەو لە زیندان ئەمایەوە و بەیانی بە کەفالەت ئازاددەکرا. ئێسـتا هەر ماددەی 14 ی موخەدەراتە. دیارە خەڵک زیاتر ئەترسێت، چونکە سزاکەی وەکو ئەوەی ماددەی 14 یە."

هەرچەندە پـێشـتر دادگا بە بڕیارەکەیدا چووبووەوە، بەڵام هەتا دوای بڵاوبوونەوەی بەداداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا دادگاکانی هەرێمی کوردسـتان بڕیارەکەی دادگای پـیاداچوونەوەیان پـێنەگەیشتبوو، بەو پـێـیەی ئەو کات بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە سلێمانی نیگەرانی خۆی لەو بڕیارەی دادگای پـیاداچوونەوە دەربڕیبوو کە مامەڵەکردن و بەکارهێنانی ئەو دەرمانە پـزیشکیـیانەی خستبووە چوارچێوەی سەرپـێچیکردنەوە.

لەگەڵ ئەوەی ماددەی هۆشبەر لە ڕووی ژمارە و جۆرەوە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و ژمارەیان زیادیکردووە، بەڵام هەتا ئێسـتا لە عێراق و هەرێمی کوردسـتاندا کار بە یاسا کۆنەکە، یاسای ژمارە 68 ی سـاڵی 1965 یاسای ماددەی هۆشبەر دەکرێت.

XS
SM
MD
LG