Accessibility links

شەڕ لە نێوان پـێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە خورماتوو دەسـتیپـێکردەوە


دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە بەپرسانی پـێشمەرگە و حەشدی شەعبی ڕێکەوتن لەسەر کۆتایی‌هێنان بە گرژیـیەکانی بارودۆخی خورماتوو، بەڵام لە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممەوە شەڕ لەو قەزایە دەسـتیپـێکردووەتەوە و هەردوو لایان یەکتری بە پـێشێلکردنی ڕێکەوتنەکە تۆمەتبار دەکەن.

سەید عەلی هاشم وتەبێژی حەشدی شەعبی لە خورماتوو بۆ دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەمڕۆ دووشەممە لە بارەگای قایمقامەتی خورماتوو لەگەڵ کورد ڕێکەوتوون کە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن، بەڵام ژمارەیەک گەنجی کورد چوونەتە سەر ماڵە تورکمانە شیعەکان و ماڵەکانیان تاڵان کردوون."

گوتیشی ئێمەش بەرپـرسانی کوردمان لە وەزعەکە ئاگادارکردووەتەوە و ئەوانیش گوتوویانە ئەو کەسانە دز و جەردەن و پەیوەندیـیان بە پـێشمەرگەوە نیـیە. گوتیشی کێ قبوڵی دەکات ماڵەکەی تاڵان بکرێت.

لە بەرامبەردا حەسەن بارام جێگری بەرپـرسی بازنەی خورماتووی یەکێتی نیشتمانی قسەکانی سەید عەلی هاشمی ڕەتکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە حەشدی شەعبی پەلاماری 2 خاڵی پـشکنینی پـێشمەرگەیان داوە و شەڕەکە لەوەوە دەسـتیپـێـکردووە.

بارام ڕوونیشی کردەوە حەشدی شەعبی گەڕەکە کوردنشینەکانی هاوەنباران کردووە و بەو هۆیەوە ژمارەیەک خێزان ماڵەکانیان چۆڵکردووە.

دەربارەی زیانەکانی پـێشمەرگە و حەشدی شەعبی، بارام گوتی هەتا ئێسـتا 4 پـێـشمەرگە و 3 هاوڵاتی کورد گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 20 کەسی دیکە برینداربوون. هەروەها گوتیشی ئەوەندەی ئەوان زانیارییان هەبێت حەشدی شەعبی هەر ئەمڕۆ دووشەممە 30 چەکداریان کوژراون.

بەڵام سەید عەلی هاشم ڕەتی کردەوە ژمارەی قوربانیـیەکانی حەشدی شەعبی ئاشکرا بکات.

لە لایەکی دیکە فەخرەدین ئەحمەد فەرماندەی پـێشـمەرگە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە زانیاریان پـێگەیشتووە حەشدی شەعبی هێزیان لە بەغداوە هێناوەتە ئامرلی بۆیە پـێشمەرگە لە خۆرهەڵاتی خورماتوو دابەشبووە و ڕێگە نادەن هیچ هێزێـک بەرەو خورماتوو بێت.

لە کاتێکدا ئێستا شەڕ لە خورماتوو بەردەوامە بڕیارە سبەینێ سێشەممە کورد و شیعە لەسەر ئاستی باڵا لە کەرکوک کۆببنەوە بۆ هێورکردنەوەی دۆخی خورماتوو.

XS
SM
MD
LG