Accessibility links

حکومەتی هەرێمی کوردسـتان ڕاپـۆرتەکەی HRW ڕەتدەکاتەوە

  • VOA News

حکومەتی هەرێمی کوردسـتان تۆمەتەکانی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ Human Rights Watch ڕەتکردەوە کە دەڵێت هێزە کوردیـیەکان خانو و ماڵی عەرەبیان لە ناوچەکانی شەڕی داعش وێرانکردووە.

کۆمیتەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپـۆرتە نێودەوڵەتیـیەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردسـتان ڕۆژی دووشەممە لە بەیانـنامەیەکدا نووسیویەتی جێی داخە ڕاپـۆرتەکەی HRW زانیاری و لێـکدانەوەی نادروست و ناڕەوایی لە بەرامبەر پـێشمەرگە تێدایە و پشـتیوانی لە داعش دەکات.

پاشان نووسیویەتی ئەگەر دژایەتیکردنی عەرەب سیاسەتی هەرێمی کوردسـتان بووایە، ئەی چۆن 1.5 ملیۆن ئاوارەی عەرەب لە هەرێمی کوردسـتان نیشتەجێ کراون.

وەڵامەکەی هەرێم دەشڵێت جێی پـرسیارە ڕاپـۆرتەکە ئاماژەی بۆ میوانداری و سنگفراوانی خەڵکی کوردسـتان نەکردووە لە بەرامبەر سەدان هەزار ئاوارەی عەرەب کە ڕوویان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.

بەڵام لە بەشێـکی وەڵامەکە باس لەوەش کراوە خانو ڕوخێندراون، دەڵێت بەهۆی شەڕەکان و لایەنگری داعشەوە بووە. جەختی لەوەش کرد ئەمانە بە بەرنامە و پـلان نەکراون و بەشێکی بەهۆی توڕەیی خەڵک و کێشەی شەخسی بوون.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپـۆرتێـکی 72 لاپەڕیی هێزەکانی پـێشمەرگەی بە وێرانکردنی ماڵی خەڵکی عەرەب تاوانبارکرد لە ناوچەکانی داعش پـێشتر داگیری کردبوون. داواش لە حکومەتی هەرێم دەکات لێکۆڵینەوە لەم بارەیەوە بکات، چونکە دەچێتە خانەی پـێشێلکردنی یاساکانی شەڕەوە.

XS
SM
MD
LG