Accessibility links

ڕێکخراوی HRW داوا لە هەرێمی کوردسـتان دەکات لێکۆڵینەوە لەسەر کوژرانی 5 کەس بکات

  • VOA News

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ Human Rights Watch)) ئەمڕۆ چوارشەممە ڕاپـۆرتێـکی لەسەر هەرێمی کوردسـتانی عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا ڕەخنەی لە پارتی دیموکراتی کوردسـتان گرت لە بەرامبەر تەقەکردن لە خۆپـیشـاندەران و داخسـتنی میدیاکانی ئۆپـۆزسیۆن و ڕێگەگرتن لە پەرلەمانتارانی ئۆپـۆزسیۆن.

ڕێکخراوەکە نووسیویەتی لە 9 و 10 ی مانگی دە هێزەکانی پارتی دەسەڵاتدار لە دوو شاری کوردسـتانی عێراق تەقەیان لە خۆپـیشـاندەران کردووە و بە دوایدا هێزەکانی ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردسـتان میدیای ئۆپـۆزسیۆنیان داخستووە و لە ئەندامانی پەرلەمانی ئۆپـۆزسیۆنیان قەدەغەکردووە بچن بۆ ئۆفیسەکانیان.

پاشان نووسیویەتی هەزاران خۆپـیشـاندەر لە چەند شار و شارۆچکەیەکی پارێزگای سلێمانی گردبووبوونەوە بە مەبەستی داوای کار و موچە و دەسـتبەرداربوونی مەسعود بارزانی لە سەرۆکایەتی هەرێم. 2 خۆپـیشـاندەر و کەسێـکی دیکە لە 9 ی مانگی دە لە شارۆچکەی قەڵادزێ کوژران و هەروەها 2 کەسی دیکە کە چەکدار نەبوون لە 10 ی مانگی دە لە کەلار کوژران.

جۆ ستۆرک جێگری بەڕێوەبەری HRW لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم بارەیەوە گوتویەتی دەبێت سەرەتا دەسەڵاتدارانی کورد بچنە بنج‌وبنەوانی کە بۆچی ئەو پـێنج کەسە کوژراون. هەروەها لێکۆڵینەوەیەکی بڕواپـێکراو و سەربەخۆ ئەنجام بدەن بۆ دۆزینەوەی پەرپـرسان لەو کوشتنانە و ئایا پاساو هەبووە بۆ بەکارهێنانی هێز یان نا. ئەگەر نا، ئەوا دەبێت ئەوانە بەرپـرسیار بکرێن."

XS
SM
MD
LG