Accessibility links

لەسەر هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان کێشە لەنێوان پەرلەمانتارانى کورد و عەرەب دروستدەبێت


لەدانیشتنى لیژنەى هەرێمەکانى پەرلەمانى عێراقدا ، مشت‌ومڕو شەڕە قسە لەنێوان پەرلەمانتارانى کورد و پەرلەمانتارانى عەرەبدا دروستبووە، لەسەر بریارەکەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بۆ هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لەسەر فەرمانگە حکومیەکانى کەرکوک.

محەمەد عوسمان ئەندامى لیژنەى هەرێمەکانى پەرلەمانى عێراق ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"پەرلەمانتارە عەرەبەکان دەیانگوت هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان نادەستوریە ، ئێمەش وتمان دەستوریە ، بۆیە شەڕە قسە و هەڕەشە لەیەکترکردن دروستبوو."

دواى بریارەکەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بۆ هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لەکەرکوک ، حکومەتى عێراقى تانەى لەبریارەکەدا و بەنادەستورى وەسفیکرد ، لەبەرانبەردا ئەمڕۆ چوار شەممە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان بەیاننامەیەکى بڵاو کردەوە و هەڵکردنى ئاڵاى کوردستانى لەکەرکوک بەکارێکى ئاسایى و یاسایى لەقەڵەمدا.

لەبەیاننامەکەى سەرۆکایەتى هەرێم دا ،هاتووە"دواى رووخانى بەعس و هاتنى داعش ئاڵاى کوردستان لەکەرکوک بوونى هەبووە ، هەر ئەو ئاڵایەش کەرکوکى لە هەڕەشەو پەلامارى تیرۆرستان پاراستووە."

محەمەد عوسمان، لەدرێژەى قسەکانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، ئاماژەى بەوەشکرد کەپەرلەمانتارە عەرەبەکانى نزیک لەتورکیا توندبوون لەگەڵیان ، بەڵام پەرلەمانتارە شیعەکان داوایانکردووە کێشەکە بەتەوافق چارەسەر بکرێت.

دەربارەى دەرئەنجامى کۆبونەوەکەى لیژنەى هەرێمەکانى پەرلەمانى عێراق، محەمەد عوسمان وتى"پەرلەمانتارە عەرەبەکان داوایانکردووە نوسراو بۆ پارێزگاو ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بکرێت و بریارەکە بە نایاسایى و نادەستورى ناوببرێت و قەبوڵ نەکرێت، ئەوانیش وەڵامیان داونەتەوە بۆیە کۆبونەوەکە بێ‌ ئەنجام کۆتایى هاتووە."

بڕیارى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لەسەر فەرمانگە حکومیەکانى کەرکوک ، نەک تەنها کاردانەوەى بەشێک لەلایەنە عێراقیەکان، بەڵکو کاردانەوەى وڵاتانى ئیقلیمیشى بەدواى خۆیدا هێناوە.

XS
SM
MD
LG