Accessibility links

دوو گەنج لە ئاسایشى دوبزی کەرکوک ئەشکەنجەدەدرێن


دوو گەنجى دانیشتوى قەزاى دوبزى سەر بە پارێزگاى کەرکوک چەند کارمەندێکى ئاسایشى ئەو قەزایە تۆمەتبار دەکەن بەوەى بە قورسترین شێوە ئەشکەنجەیان داون. بەرپرسانى ئاسایشیش دەڵێن دوو کارمەندى ئاسایشیان لەسەر ئەشکەنجەدانى دوو گەنجەکە دەستگیرکردووە.

(سەرکەوت جەلال) و (چیا کۆسرەت) ، دوو گەنجە ئەشکەنجە دراوەکە یەکێکیان پێشمەرگەیە و ئەوی تریان کاسبە و شوێنەوارى ئەشکەنجەدان بە جەستەیانەوە دیارە ، ئاسایشیش بە تەقەکردن و بێزارکردنى خەڵک تۆمەتباریان دەکات.

سەرهەنگ جەلال براى سەرکەوت جەلال کە یەکێکە لە گەنجە ئەشکەنجە دراوەکان لە بارەى ڕووداوەکەوە ، بۆ دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"براکەم و هاورێکەى بە هەڵە فیشەک لەدەستیان دەرچووە ، بەڵام ئاسایش هەڵیکوتاوەتە سەریان لە جامى ئۆتۆمبێلەوە دەریهێناون و بە لێدان بردوونیان بۆ ئاسایشى دوبز."

وتیشى"لە ئاسایش توندترین ئەشکەنجە دراون بە شێوەیەک کە جەستەیان شین بووەتەوە."

دواى ڕووداوەکە ئاسایشى گشتى لە هەولێر راگەیەنراوێکى بڵاوکردووەتەوە و ئیدانەى ئەشکەنجەدانى ئەو دوو گەنجەى کردووە، جەختى لەسەر ئەوە کردووەتەوە چەند کارمەندێکى ئاسایش بە شێوەیەکى نابەرپرسیارانە مامەڵەى لەگەڵ ئەو دوو گەنجە کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکە بەڵێنى لێکۆڵینەوەکردن لە ڕووداوەکە و دەستنیشانکردنى تۆمەتبارەکان دراوە.

لاى خۆیەوە نەقیب عەلى محەمەد بەڕێوەبەرى ئاسایشى قەزاى دوبس ، بۆ دەنگى ئەمەریکاى ڕاگەیاند"دوو گەنجەکە سەرخۆش بوون و تەقەیانکردووە ، کارمەندەکانى ئاسایشیش دەستگیریان کردوون و مامەڵەیان باش نەبووە لەگەڵیان."

وتیشى"لەسەر ڕووداوەکە دوو کارمەندانى ئاسایش دەستگیرکراون و ئێستا لە ئاسایشى گشتى هەولێر زیندانین."

بەرپرسانى هێزە ئەمنیەکان نایشارنەوە هەندێ‌ک جار مامەڵەى کارمەندانى ئاسایش لەگەڵ هاوڵاتیاندا گونجاو نیە ، هۆکارى ئەوەش بۆ نەبوونى خولى هۆشیارى دەگێڕنەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:01:57 0:00

XS
SM
MD
LG