Accessibility links

بەرپـرسێـکی مافى مرۆڤ: لەنێو كامپى ئاوارەكان بازرگانى بە مرۆڤەوە كراوە


بەرپرسێكى مافى مرۆڤ دەڵێت لە نێو كامپى ئاوارەكانى گەرمیان و سنورى قۆرەتووى سەر بە قەزاى خانەقین كارى لەشفرۆشى بازرگانى بە مرۆڤەوە كراوە و هۆكارەكەشى بۆ خراپى بارودۆخى دارایى ئاوارەكان دەگێڕێتەوە.

خەبات رەشید بەڕێوەبەرى نوسینگەى مافى مرۆڤى سنورى گەرمیان ، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"لەنێو كامپى ئاوارەكان دا چەند حاڵەتێكى بازرگانى بە كچانى خوار تەمەن 18 ساڵەوە تۆماركراوە ، كە لەلایەن كەس و كاریانەوە بازرگانیان پێوە كراوە."

بەرپرسەكەى مافى مرۆڤ، ڕەخنەشى لە رێكخراوەكانى كۆمەڵى مەدەنى گرت بەوەى نەیانتوانیوە كار بۆ باشتركردنى دۆخى ئاوارەكان بكەن، وتیشى"ئەو ئافرەتانەى لەشفرۆشى یان پێوەكراوە هۆكارەكەى خراپى بارى دارایى بووە."

بەپێى وتەى بەڕێوەبەرى نوسینگەى مافى مرۆڤى گەرمیان، لە نێو كامپەكاندا جۆرەها بازرگانى بە مرۆڤەوە تۆماركراوە ، ئەمە جگە لەوەى لەلایەن كەس و كاریانەوە منداڵى بچوك بۆ كاركردن بەكارهێنراون.

پێشتریش مافى مرۆڤى گەرمیان راپۆرتێكى 30 لاپەڕەیى لەسەر دیاردەى بازرگانى كردن بە خەڵكانى عەرەب و دەرهێنانى گورچیلەیان و فرۆشتنیان لەبەرانبەر برێك پارەى كەمدا بڵاو كردەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:30 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG