Accessibility links

ئەبوبەكر هەڵەدنی: كێشەی سەرەكی و بەربەستی بەردەم سازانى لایەنەكان كاک مەسعود بارزانیـیە


ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی لیژنەی دانوستانكاری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە كۆبوونەوە پێنج قۆڵیەكان دەڵێت"ئەولەویەت لای پارتی مانەوەی بارزانیـیە لە پۆستەكەیدا لەب ەرامبەردا ئەولەویەتیش لای ئێمە گۆڕینی سیستمی حكومڕانیە.

ئەبوبەكر هەڵەدنی لە میانی وتووێژێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكا دەڵێت"خاڵی سەرەكی لەبەرەو پێشچوونی دانوستانەكان و سەرەتای چارەسەكردنی كێشەكان بریتیە لەوەی پارتی جگە لە كاک مەسعود بارزانی كاندیدێكی تر پێشكەش بكەن بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم ، چونكە مانەوەی كاک مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم كێشەی سەرەكیە و ئەو كێشانەی تر كە هەن شتی لاوەكین"

هەڵەدنی ڕوونی دەكاتەوە"هۆكاری ناڕازیبوونی ئێمە بە مانەوەی كاک مەسعود بریتیە لە چەسپاندنی سەروەری یاسا، چونكە هەردوو یاساكەی كە هەیە لە كوردستان ڕێگە نادات بە خۆ كاندیدكردنەوەی بارزانی، خۆ ئەگەر ئەم بابەتە(مانەوەی بارزانی) قابیلی گفتوگۆبێت ئەوا لەب ەرامبەر پاكێجی دەستور و دیـپـلۆماسیەتی كورد و مەلەفی نەوت و حكومەتی خۆجێی لە هەولێر و دهۆکە."

هەروەها دەڵێت"ئەگەر پارتی ڕازی بووایە بە پێشكەشكردنی كاندیدێكی تر ئەوا ئەم كێشانە ڕوینەدەدا."

ئەم ئەندامەی شاندی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە كۆبوونەوە پێنج قۆڵیەكان دەشڵێت"ئێمە پرسیارمان لە برادەرانی پارتی كرد لە گفتوگۆكان سەبارەت بەوەی ئەگەر ڕازیبووین بە مانەوەی بارزانی بۆ ئەم دوو ساڵە ئایا دواتر داوای ناكەنەوە بۆ دوو خولی تر هەتا ساڵی(2025) بەڵام بەداخەوە وەڵامێكی نەرێنیان داینەوە."

بە وتەی ئەبوبەكر هەڵەدنی" ئەگەر لە دەستور یاخود دەقێكی كۆنكرێتی نەچەسپێت كە هەر كەس دوو خولی خۆی تەواوكرد بۆی نیـیە خۆی كاندید بكاتەوە ئەوا بێگومان پارتی دەیەوێت نەک بۆ (10)ساڵ بۆ هەتا هەتایە لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە."

هەروەها دەشڵێت"ئەگەر ڕۆژی یەكشەممە نەگەینە ئەنجام پێم باشە وەکو یەكگرتووی ئیسلامی ڕایبگەیەنین هۆكاری بە بنبەست گەیشتنی كۆبوونەوەكان كێ‌ بووە و چی بووە و پێویستە ئیتر بگەڕێینەوە بۆ پەرلەمان."

ئەبوبەكر هەڵەدنی كە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانە لە پەرلەمانی كوردستان ئەوە دەخاتە ڕوو " لە سێ‌ مانگی ڕابردوودا سیاسەتێک لەپشت ئەو كۆبوونەوانەوە هەیە كە بریتیە لە سیاسەتی كات كوشتن و دروستكردنی ئەمری واقیع، پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە پشت ئەم سیاسەتەوەیە چونكە بەرژەوەندی لەوەدایە و ئێستا كاک مەسعود هەمان دەسەڵاتەكانی پێشووی پێڕەودەكات."

XS
SM
MD
LG