Accessibility links

گەشتە ئاسمانیەكان لە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق ڕادەگیرێن


بۆ ماوەی 48 كاتژمێر گەشتە ئاسمانیە شارستانیەكان لە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری دەستەی فڕۆكەوانی عیراق ڕادەگیرێن.

لەو بارەیەوە ئەندازیار تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند"بەهۆی جموجۆڵی سەربازی لەئاسمانی هەرێمی كوردستاندا بەبڕیاری دەستەی فڕۆكەوانی عیراق گەشتەكان لە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستانەوە ڕاگیراوە لەكاتژمێر(8)ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە تا كاتژمێر 8ی بەیانی ڕۆژی چوارشەمە ئەمەش بەمەبەستی سەلامەتی گەشتیارانە"

لەبارەی قەرەبووی ئەو كەسانەی كە لەم دوو ڕۆژەدا گەشتیان هەیە و تكتی فڕۆكەیان هەیە بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی وتی"ئەو كەسانە دەتوانن یان تكتەكە بگێڕنەوە و پارەكە وەربگرنەوە یاخود لەگەڵ كۆمپانیای فڕۆكەكە ڕێكبكەون و سەر لەنوێ‌ وادەی گەشتكردنیان بۆ دابنرێتەوە"

ئەندازیار تاهیر عەبدوڵا جەختی كردەوە هیچ گەشتێكی شارستانی لە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستانەوە لەماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا ئەنجام نادرێت تەنها بەڕەزامەندی حكومەتی عیراقی نەبێت"

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە20-7-2005 دامەزرا و هەفتانە زیاتر لە(140) گەشتی بۆ وڵاتە جیاوازەكان و لە وڵاتە جیاوازەكانەوە لێ‌ ئەنجام دەدرێت. ئەمە یەكەمجارە لەمێژووی دروستبونی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و هەرێمی كوردستان بڕیاری ڕاگرتنی گەشتەكان بەو شێوازە بدرێت.

XS
SM
MD
LG