Accessibility links

ئاکامه‌کانی هێرشی پاسەوانانی سەرۆکی تورکیا بۆ سه‌ر خۆپـیشاندەرانی کورد له واشنتن


Brawl outside the residence of Turkey's ambassador to Washington
Brawl outside the residence of Turkey's ambassador to Washington

سێشه‌ممه 5/16/2017 به ده‌ستپێشخه‌ری لایه‌نگێرانی یه‌په‌که YPG بۆ پشتێوانکردن له خه‌باتی بێوچانی شه‌رڤانان و بریاری سه‌رۆک ترامپ له ناردنی چه‌ک بۆ رۆژئاوا و هه‌ر وه‌ها دژ به سه‌ردانه‌که‌ی ئه‌ردوگان سه‌رۆک کۆماری تورکیا له به‌رامبه‌ر کۆشکی سپی خۆپێشاندانێک به‌رێوه چوو که له ده‌رئه‌نجامیدا گارد و پاسه‌وانه‌کانی باڵێۆزخانه‌ی تورکیا و گوایه به فه‌رمانی کاربه‌ده‌سته باڵاکانی تورک هێرشیان کرده سه‌ر خۆپێشانده‌ره کورده‌کان.

بەپـێی ڤیدیۆکانی دەنگی ئەمەریکا نیشان دەدرێت سەرەتا پاسەوانەکانی سەرۆکی تورکیا کە بە جلی قاتەوە بوون لەگەڵ هێزی تایبەتی تورکی کە جلی ڕەنگ خاکیان لە بەردابوو، پەلاماری خۆپیشاندەران دەدەن و هێزەکانی پـۆلیس هەوڵ دەدەن ڕێگریان لێبکەن.

لە ئاکامی پـێکدادانەکە 9 کەس برینداربوون، لەوانە سیانیان برینەکانیان قورسە. پـۆلیس 2 کەسی دەسـتگیرکرد کە یەکێکیان کوردە و ئەوی دیکەیان تورکە. بەڵام پاسەوانەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و هێزە تایبەتەکەی تورکیا بەو پـێـیەی پارێزبەندی دیپـلۆماتیـیان هەیە کەسیان دەسـتگیرنەکران.

ئه‌م هێرشه نیگه‌رانی زۆری لێکه‌وتۆته‌وه‌. پرسیاره‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ چۆن هێزی ئاسایشی وڵاتێکی تر ده‌توانێت هێرش بکاته‌ سه‌ر هاووڵاتیانی ئه‌مه‌ریکایی له‌ نێوخۆی ئه‌مه‌ریکادا و مافی ئازادی ڕاده‌ربڕینیان پێشێل بکات.

جۆن مەککەین لە لێدوانێـکدا بۆ کەناڵی MSNBC گوتی "ئێرە ئەمەریکایە نەک تورکیا یان وڵاتێـکی جیهانی سێـیەم، بۆیە ئەم جۆرە ڕەفتارانە نابێت بەبێ وەڵامدانەوە تێپەڕببن، ئیدی ئایا بە ڕێگەی دیپلۆماتی بێت یان دەشێت سکاڵایان لەسەر تۆمار بکەین بەو پـێـیەی دەکرێت ئەو کەسانە بناسرێنەوە ... دەبێت باڵیۆزی تورکیا دەربکرێت، چونکە ئەوانە کەسانی ئاسایی نین و پاسەوانانی ئەردۆغانن و پـێدەچێت کەسێـک فەرمانی پـێکردبن بڕۆن و لەو خۆپـیشاندەرە ئاشتیخوازانە بدەن."

چوار سیناتۆری دیکەی کۆماریش بە توندی هێرشی پاسەوانانی تورکیایان شەرمەزارکرد و داوایان لە تورکیا کرد دەسـتبەجێ داوای لێبوردن بکات.

تۆم کۆتن سیناتۆری ئەرکەنساس، تێد کروز سیناتۆر تەکساس، میک لێ سیناتۆر یوتا، مارکۆ ڕوبیۆ سیناتۆری فلۆریدا، پـێنجشەممە لە بەیانـنامەیەکدا نووسیویانە بە توندی ئەو توندوتیژیـیە شەرمەزاردەکەن کە کاربەدەستانی تورک تیایدا دەسـتیان هەبووە.

دەڵێن ئەمە پـێشێلکردنی ساناترین بنەماکانی کاری دیپـلۆماسیـیە و سووکایەتیکردنێکە بە ئەمەریکا و بەو بەهایانەی هەیەتی لە مافی ئازادی ڕادەربڕین کە لە دەستوردا هاتووە. دەشڵێن ئەوەی زۆر نیگەرانی کردوون ئەمە لە لایەن یەکێـک لە هاوپەیمانەکانیان لە ناتۆ ڕوویداوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش چوارشەممە ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تیایدا نیگەرانی وڵاتەکەی دەربڕی بەرامبەر ئەو توندوتیژیـیە.

له‌ به‌رنامه‌ی له‌ گه‌ڵ رووداوه‌کانی ئه‌مڕۆدا، بۆ وه‌رگرتنی زانیاری سه‌باره‌ت به‌ ئه‌م ڕووداوه‌ له‌ گه‌ڵ جه‌لال خێرئابادی، خۆپێشانده‌ری کورد که‌ له‌ لایه‌ن پولیسه‌وه‌ گیرابوو و هه‌روه‌ها هیوا ئاریا یه‌کێکی تر له‌ خۆپێشانده‌ران که‌ به‌ر هێرشی پاسه‌وانانی ئه‌ردۆغان که‌وتووه‌ و فه‌رهاد فه‌لاحی، ڕۆژنامه‌وانی کوردی دانیشتووی واشنتن وتووێژمان کردووه‌.

please wait

No media source currently available

0:00 0:27:51 0:00

XS
SM
MD
LG