Accessibility links

دادگایەکی کۆسۆڤۆ مەلایەک و 6 کەسی دیکە حوکمی زیندانی دەدات بە تاوانی کارکردن بۆ داعش

  • VOA News

دادگایەکی کۆسۆڤۆ مەلایەک و 6 کەسی دیکەی حوکمی زیندانی داوە بە تاوانی پەیداکردنی خەڵکی بۆ داعش و ڕەوانکردنیان بۆ سوریا.

دادگای شاری فەریزای لە باشوری ڕۆژهەڵاتی کۆسۆڤۆ ئەمڕۆ هەینی لە بەیانـنامەیەکدا گوتی ئیمام زەکریا کازمی حوکمی 10 سـاڵ زیندانی دراوە پاش ئەوەی بەسەریدا ساغ بووەتەوە گەنجی وڵاتەکەی فریوداوە تاوەکو بچن شەڕ بۆ داعش بکەن. 6 کەسی دیکەش کە هاوکاری بوون حوکمی زیندانی دراون لە 3 ساڵ هەتا 8 سـاڵ. دادگاکە دەڵێت پـێنجیان لە سـاڵی 2012 وە لە کۆسۆڤۆوە بەرەو تورکیا ڕۆیشتوون و لەوێوە بۆ سوریا و هەتا ساڵی 2014 شەڕیان بۆ داعش کردووە. کەسی شەشەمیان جگە لەوەی شەڕی بۆ داعش کردووە خەڵکیشی بۆ پەیداکردوون شەڕیان بۆ بکات.

بەپـێی میدیاکانی کۆسۆڤۆ زەکریا کازمی 11 گەنجی کۆسۆڤۆی فریوداوە ببن بە داعش و هەتا ئێسـتا سیانیان لە سوریا کوژراون. هەروەها ئەم مەلایە لەسەر یوتیوب ڤیدیۆیەکی بڵاوبووەتەوە کە تیایدا دەڵێت " خوێنی کافران بۆ ئێمە باشترین خواردنەوەیە."

ئەم 7 کەسە کە لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوەوە دەسـتگیرکراون، لە کاتی دادگایی‌کردنیان هێزێـکی گەورە چواردەوری دادگاکەی گرتبوو.

جێی ئاماژەیە کۆسۆڤۆ کە ژمارەی دانیشتوانی کەمتر لە 2 ملیۆنە، لەم ساڵانەی دوایی نزیکەی 300 کەسی لێوەی چوونەتە نێو ڕیزی گروپە توندڕەوەکانەوە لە عێراق و سوریا، ئەمەش بەرزترین ڕێژەیە بەراورد بە هەرچ وڵاتێـکی دیکەی ئەوروپا. دەشڵێن نزیکەی 50 کەسیان لە شەڕدا کوژراون و نزیکەی 120 کەسیان گەڕاونەتەوە بۆ کۆسۆڤۆ و زیاتر لە 100 کەسیان لە کۆسۆڤۆ دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

XS
SM
MD
LG