کۆریای باشور دەڵێت جێگری باڵیۆزی کۆریای باکور لە بەریتانیا لە حکومەتی وڵاتەکەی جیابووەتەوە و لە لەندنەوە بەرەو سیۆلی پایتەختی کۆریای باشور هەڵاتووە.
(جیۆنگ جوون هی) گوتەبێژی وەزارەتی یەکگرتنەوە لە کۆریای باشور ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی ثای یۆنگ هۆ و خێزانەکەی بەرەو باشور هەڵاتوون بەهۆی بێزاربوونیان لە ڕژێمی کیم جۆنگ ئون و هەروەها لە پـێناو ئایندەی خێزانەکەیان.
گوتیشی لە ئێسـتادا لە لایەن حکومەت و دەزگا بەرپـرسەکانە ڕێوشوێنی پـێویست گیراونەتەبەر بۆ پاراستنیان. هاوکات ئامادە نەبوو زانیاری لە بارەی جموجۆڵەکانیان بدات و هەروەها کەی گەیشتوونەتە سیۆل.
ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز دەڵێت باڵیۆزخانەی کۆریای باکور لە لەندەن هەواڵی هەڵاتنی ثای پشـتڕاست نەکردەوە.
جێی ئاماژەیە بەردەوام خەڵکی کۆریای باکور هەوڵی هەڵاتن لە وڵاتەکەیان دەدەن بەهۆی خراپی ڕژێمەکەیان. پـێشـتر هەر ئەمساڵ 12 کارمەندی ڕێسـتورانتێـکی کۆریای باکور لە چین بەرەو کۆریای باشور هەڵاتن.
کاربەدەستێـک لە وەزارەتی یەکگرتنەوە بە ڕۆیتەرزی گوت لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا مانگی حەوت 814 حاڵەتی هەڵاتن لە کۆریای باکورەوە بەرەو باشور هەبووە، ئەمەش 15% زیاترە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.