Accessibility links

کۆریای باکور ئاگاهی ده‌داته‌ کۆریای باشور

  • Kurt Achin

سه‌رۆکی کۆریای باشور به‌ زمانێـکی توندئامێز وه‌باڵی نوقومبوونی که‌شـتیـیه‌که‌یانی خسـته‌ ئه‌سـتۆی کۆریای باکور. کۆریای باکوریش لای خۆیه‌وه‌ ئاگاهی ده‌داته‌ کۆریای باشور.

په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا کورت ئاچین له‌ سیۆله‌وه‌ ڕاپـۆرتی له‌و باره‌یه‌وه‌ ناردووه‌ و هاوکارمان به‌ڵێن سـاڵح به‌ کوردی ئاماده‌ی کردووه‌.

کۆریای باکور ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ئاگاهی داوه‌ ته‌قه‌ له‌و بڵندگۆیانه‌ ده‌کات که‌ کۆریای باشور پـلانی هه‌یه‌ له‌سه‌ر سـنووری نێوانیان دایبنێت.

دانانه‌وه‌ی ئه‌و بڵندگۆیانه‌ی په‌خشکردن یه‌کێـکه‌ له‌و ڕێـگایانه‌ی حکومه‌تی کۆریای باشور ڕایگه‌یاندووه‌ هاوکاتی وتاره‌ تونده‌که‌ی لی میۆنگ باک سه‌رۆکی کۆریای باشور.

سه‌رۆکی کۆریای باشور ده‌ڵێت وڵاته‌که‌ی هه‌میشه‌ پـشـوو درێژ بووه‌ به‌رامبه‌ر شه‌ڕانگێزیـیه‌کانی پـیۆنگیانگ، به‌ڵام ئێسـتا وه‌ک ده‌ڵێت شته‌کان جیاوازن و کۆریای باکور باجی ئه‌و کاره‌ وروژێنه‌رانه‌ی خۆی ده‌دات.

له‌ مانگی سێدا 46 ده‌ریاوانی کۆریای باشور کوژران کاتێـک ته‌قینه‌وه‌یه‌ک له‌ ناو که‌شـتیـیه‌کی چاودێریدا ڕوویدا و که‌شتیـیه‌که‌ی کرده‌ دوو پارچه‌وه‌. لیژنه‌یه‌کی فره‌ نه‌ته‌وه‌یی له‌ هه‌فته‌ی ڕابردوودا به‌ڵـگه‌ی زۆری خسـته‌ ڕوو که‌ ژێر ده‌ریایی‌یه‌کی کۆریای باکور به‌ تۆرپیدۆ له‌ که‌شـتیـیه‌ چاودێریـیه‌که‌ی کۆریای باشوری داوه‌.

هاوکات وه‌زیری به‌رگری کۆریای باشور په‌یمانی ده‌سـتپـێـکردنه‌وه‌ی شه‌ڕی سایکۆلۆژی داوه‌ له‌گه‌ڵ کۆریای باکوردا و هه‌روه‌هاش په‌یمانی هاوکاری نوێی له‌شـکری داوه‌ له‌گه‌ڵ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکادا سیۆل پـلانی هه‌یه‌ ئه‌م دۆسـێـیه‌ بـباته‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان به‌ مه‌به‌سـتی سه‌پاندنی سـزای نوێ به‌سه‌ر پـیۆنگیانگدا.

سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت واشنتن پـشـتیوانی ته‌واوی کۆریای باشور ده‌کات له‌ دۆسێی نوقومبوونی که‌شـتیـیه‌که‌یدا و فه‌رمانی داوه‌ به‌ له‌شـکری ئه‌مه‌ریکاش تا له‌ نزیکه‌وه‌ کار له‌گه‌ڵ کۆریای باشوردا بکرێت بۆ دڵنیابوون له‌ ئاماده‌کاریـیه‌کان و ڕێـگه‌گرتن له‌ هه‌ر دژه‌ به‌ریـیه‌کی ئاینده‌ییدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG