Accessibility links

ئەنجومەنی ئاسایش کۆبوونەوەیەکی داخراو سەبارەت بە موشەکەکانی کۆریای باکور ئەنجام دەدات


ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ چوارشەممە دانیشتنێک لە پشت دەرگای داخراوەوە ئەنجام دەدات سەبارەت هەڵدانە موشەکییەکانی کۆریای باکور، هاوکات چین داوا لە کۆریای باکور و کۆریای باشور و ئەمەریکا دەکات هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی ڕوبەڕوبونەوەیەک ڕوونەدات.

بەر لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایش، وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین پێشنیاری کرد کۆریای باکور چالاکییە ناوکی و موشەکییەکانی ڕابگرێت و لە بەرامبەردا ئەمەریکا و کۆریای باشور مانۆڕ و ڕاهێنانە لەشکریە هاوبەشەکانیان ڕابگرن.

هەر لایەکیان لایەنەکەی تر سەرگۆنە دەکات و وەزیری دەرەوەی چین بە " شەمەندەفەر ناودێری کردن کە بە خێرایی بەرەو ڕووی یەکتر دەچن و هیچ لایەکیان ئامادە نییە خۆی لابدات."

ئەنجومەنی ئاسایش دوێنێ سێشەممە بە توندی تاقیکردنەوەکەی کۆریای باکوری سەرگۆنەکرد و ئاگاهی خۆی دا لەوەی شیانی هەیە پێشبڕکێیەکی چەک لە هەرێمەکە ڕووبدات.

هەروەها ئەنجومەنی ئاسایش مەخابنی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر ئەوەی حکومەتی کۆریای باکور سەرچاوە و داهاتی بۆ دروستکردنی موشەکی بالیستیکی تەرخان دەکات لە کاتێکدا خەڵکەکەی هەژارن و پێداویستیەکانیان بۆ دابین نەرکراون.

لە لایەکی تر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی دامەزراندنی سیستمی موشەکی تاد لە کۆریای باشور هەڕەشە نییە بۆ سەر چین و هیچ هێزێکی تر لە ناوچەکە، بەڵکو تەنها بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەکانی کۆریای باکورە.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG