Accessibility links

سەرۆکی کۆریای باشور داوا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی دەکات ڕێوشوێنی دەست لەکارکێشانەوەی بۆ بڕیار بدات


سەرۆکی کۆریای باشور داوای لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد بڕیار بدات کەی و چۆن دەتوانێت دەسـتبەرداری دەسەڵاتەکەی ببێت، پاش ئەوەی بە تێوەگلان لە گەندەڵی تۆمەتبارکرا.

خانم پاک گیونهەی ئەمڕۆ سێشەممە لە وتارێـکی تەلەفیزیۆنیدا گوتی " بابەتی وازهێنانم و کەمکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیـیەکەم بۆ ئەنجومەنی نیشتیمانی جێدەهێڵم."

داواشی لە پەرلەمانتاران کرد پـرۆسەی دەستبەرداربوونەکەی بە شێوەیەک دابڕێژن کە بۆشایی لە دەسەڵات دروست نەبێت و بێ سەروبەری لە بەڕێوەبردنی کارەکانی وڵاتەکە ڕوو نەدات.

بەڵام پارتی دیموکرات کە پارتی سەرەکی ئۆپـۆزسیۆنە پـێشنیارەکەی خانم پاکی ڕەتکردەوە و گوتی ئەمە هەوڵێـکە بۆ خۆدەربازکردن لە لێپـرسینەوە. بەڵێنیشی دا لە هەوڵەکانی بەردەوامبێت بۆ لێپـرسینەوە لە پاک و بە زووترین کات مەسەلەکە بخاتە بەردەم پەرلەمانەوە.

خانم پاک تاوانبارکراوە بەوەی ڕێی لە بەردەم هاوڕێـیەکی خۆشکردووە بۆ بەکارهێنانی پەیوەندیـیەکەیان بە مەبەستی وەرگرتنی پارە لە کۆمپانیای جۆراوجۆر. ماوەی چەند هەفتەیەکە هەموو ڕۆژێـکی شەممان خۆپـیشاندانی ناڕەزایی گەورە لە وڵاتەکە سازدەکرێن بۆ داوای دەست لەکارکێشانەوەی خانم پاک کە بەپـێی دەستور ماوەی سەرۆکایەتیـیەکەی لە ساڵی 2018 تەواو دەبێت.

XS
SM
MD
LG