کۆریای باشور ده‌ڵێت کۆریای باکوری شه‌ڕه‌نگێزی هاوسێی وا سه‌رگه‌رمی بنیاتنانی تواناکانی جه‌نگی خۆیه‌تی، ئه‌وه‌ی به به‌راورد له‌گه‌ڵ کوریای باشوردا ناهاوتان و هه‌تا دێت پشت به دامه‌زراندنی هێزی تایبه‌ت و تۆپخانه و چه‌کی ناو‌کی و ده‌به‌ستێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر تواناکانی چه‌کی کۆنی کۆریای باشوردا باڵاده‌ست بێت.
له راپۆرته‌که‌یدا ئه‌وه‌ی به دوو ساڵ جارێک ده‌رده‌کرێت، وه‌زاره‌تی به‌رگری کۆریای باشور ئه‌مڕۆ ئه‌و راپۆرته‌ی بڵاوکرده‌وه و ده‌شڵیت کۆریای باکور جۆرێک تانکی نوێی جه‌نگی وه‌گه‌ڕخستووه و ناوی" به‌وری گه‌رده‌لولی" لێناوه ، ئه‌م جۆره تانکه له‌سه‌ر شێوازی تانکی سۆڤێتی پێشووی ناسراو به T-72 دروستکراوه.
هه‌روه‌ها راپۆرته‌که ده‌شڵێت کۆریای باکور به درێژایی سنووری خۆی تۆپخانه و موشه‌ک‌هاوێژی دابه‌ستووه و توانایه‌کی مه‌زنی بۆمبارانی له ناکاوی سیئۆلی پایته‌ختی کۆریای باشوری هه‌یه.
راپۆرته‌که‌ی کۆریای باشور ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له لایه‌ن وه‌زاره‌تی به‌رگریـیه‌وه بڵاوکرایه‌وه، کۆریای باکور به دوژمن پێناسه ده‌کات و ده‌ڵێت هه‌نوکه کوریای باکور خاوه‌نی 200 هه‌زار هێزی تایبه‌ته، ئه‌وانه‌ی مه‌شق و راهێنانیان کردووه بۆ دزه‌کردنه نێو کۆریای باشور و هه‌روه‌ها هێرشکردنه سه‌ر ئامانجه ستراتیژیه‌کانی کۆریای باشور. ئه‌وه‌ی جێی ئاماژه‌یه ژماره‌ی هێزه تایبه‌ته‌کانی کۆریای باکور له راپۆرتی په‌یوه‌ستی دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ردا 180 هه‌زار سه‌رباز بووه.
هه‌روه‌ها راپۆرته‌که ده‌شڵێت وا بڕواده‌کرێت پیۆنگ یۆنگ بڕی 40 کیلۆگرام مادده‌ی پلاتۆنیۆمی بۆ مه‌به‌ستی له‌شکری په‌یداکردبێت. ئه‌م بڕه له پلاتۆنیۆمه به هه‌مان بڕی دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ره.