Accessibility links

داعش دزەدەکاتە ناو کۆبانی و دەیان کوژراو و بریندار هەن


بەرەبەیانی ئەمڕۆ پـێنجشەممە چەکدارانی داعش بە ژمارەیەک ئۆتۆمبیلەوە دزەیان کردووەتە ناو شاری کۆبانی و هێرشی خۆکوژیـیان ئەنجامداوە و لە ئاکامدا بە دەیان کەسی سیڤیل کوژراون و برینداربوون.

زارا مستۆ بەرپرسی ئۆفیسی کۆبانی ماڵپەڕی وڵاتی بۆ دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لە کاژمێر 4 ی بەرەبەیان 6 ئۆتۆمبیلی داعش کە ئاڵای یەپەگەیان پـێوەکرابوو و هەروەها لەسەریان نووسرابوو هێزی یەپەگە، لە باشوری شاری کۆبانیـیەوە لە ڕێگای حەلەبەوە خۆیان بە شارەکەدا کردووە و هەموو چەکدارەکانی داعشیش جلوبەرگی هێزەکانی یەپەگەیان پـۆشیبوو.

دەڵێن یەک لە چەکدارەکانی داعش کە لە ئۆتۆمبیلی یەکەمدا بووە بە کوردی سـڵاوی لە پاسەوانانی خاڵی پـشـکنینی ئەو ڕێگەیە کردووە و ئەوانیش پـێـیان وابووە یەپەگەن و ڕێگەکەیان بۆ کردوونەتەوە.

پاشان ئەو شەش ئۆتۆمبیلە دووانیان گەیشـتوونەتە خاڵی سنووری کۆبانی لەگەڵ تورکیا و تەقێنراونەتەوە. ئۆتۆمبیلەکانی دیکەش بە شارەکەدا بڵاوبوونەتەوە.

زارا مستۆ دەڵێت ئەوەی هەتا ئێسـتا زانراوە زیاتر لە 55 کەسی سێڤیل گیانیان لەدەسـتداوە، لەوانە 24 کەسیان لە گوندی بەرخ بۆتان کۆمەڵکوژکراون. هەروەها زیاتر لە 100 کەسیش برینداربوون.

ژمارەیەک لەو چەکدارانەی داعش کوژراون کە مەزەندە دەکرێت هەموویان 30 چەکداربن. هێشـتا لە چەند شوێنێـکی شارەکە خۆیان حەشارداوە و لە لایەن هێزەکانی یەپەگە و ئاسایش گەمارۆدراون.

زۆربەی خەڵکی لە ماڵەکانیان نایەنە دەرێ و مەترسیـیان لە قەناسی داعش هەیە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:45 0:00

XS
SM
MD
LG