Accessibility links

پـردی بەیەكگەیشتنی کۆبانی و عەفرین لە نێو چەقی ململانێکانە


نوسینی: ڕیکار حسێن

لە کاتێکدا هێزە کوردیەکانی ڕۆژئاوا و جەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوری هەوڵەکانیان چڕترکردۆتەوە بۆ دەرپەڕاندنی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە مەنبەچ و جەرابلس، چارەنوسی ناوچەکە لەهەر کاتێك لێڵترە چونکە دیار نیە کێ دەبێتە خاوەن ماڵ دوای داعش.

ناوچەی مەنبەچ و جەرابلس لە باکوری حەلەب تاکە ناوچەی سوریایە کە داعش ببەستێتەوە بە سنوری تورکیا. ئەم ناوچەیە شادەمارێکی گرنگە بۆ کورد لە رۆژئاوا چونکە تاکە ڕێگەیە بۆ بەیەک گەیشتنی عەفرین بە دەستە خوشکەکانی کۆبانی و جەزیرە.

لە کۆتایی مانگی مانگی ئازاری ئەم ساڵ چەکدارانی ئۆپپۆزسیۆنی سوری و هێزە کوردیەکان هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچە ستراتیژزجی یە چڕتر کردوە بۆ دەرپەڕاندینی دعش لە ناوچەکە. چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکان کە پێکهاتوون لە چەندین گروپ و ڕاستەوخۆ بلەلایەن تورکیاوە پشگیری دەکرێن، بە هاوکاری تورکیا و ئەمریکا لە ماوەیەکی کەم چەندین گوندیان لە ژێر دەستی داعش دەرهێنا و کەوتنە پێشڕەوی لە بەری ڕۆژئاوای ناوچەکە.

لەهەمان کات دا، هێزە کوردیەکان دەستیان کرد بە ئامادەکاری بۆ هێرشی بەرفراوان لە بەرەی ڕۆژهەڵات و لەم چوارچێوەیەدا ئەنجومەنی ئاسایشی مەنبەجیان پێکهێنا.

سەبارەت بە ئامانجی پێکهێنانی ئەنجومەنی ئاسایشی مەنبەج، لەلێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمریکا، فەرماندەی ئەنجومەنەکە ڕایگەیاند، "ئەم ئەنجومەنەمان پێکهێنا بۆ ڕزگارکردنی مەنبەج و دەوروبەری لە ژێر دەستی داعش. کۆڵنادەین تاوەکو تەواوی ناوچەکە لەژێر چنگی چەتەکانی داعش دەردەهێنین."

ناوچەی مەنبەچ و جەرابلس بۆ داعش گرنگیەکی زۆری هەیە چونکە تاکە دەروازەی گروپەکەیە بۆ گەیشتن بە تورکیا. لە ڕابردوودا تورکیا بەردەوام بەوە تۆمەتبارکراوە کە وا ئەرکی خۆی لە پاراستنی تەواوی سنورە کە بەجێنەگەیاندووە بۆ ڕێگەگرتن لە هاتوچۆی چەکدارانی داعش لەم سنورە و بەکارهێنانی وەك دەروازەك بۆ گەیاندنی کۆمەك بۆ پایتەختی خەلافەتەکە لە ڕەقە.

سەرۆکی ڕۆسیا ڤلادیمێر پوتن ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لە میانەی پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا ئەمریکیەکەی، باڕاك ئۆباما، بەدیاریکراوی باسی گرنگی ئەم ناوچەیەی کردوو داوای باشتر کۆنترڵ کردنی ئەو ناوچەیەی کرد. بە وتەی پوتن، "ئەم سنورە دەبێ بە زوترین کات دابخرێت کە لێیەوە چەکدار و پێداویستی سەربازی بەردەوام بۆ توندڕەوەکان دەڕوات."

تورکیا بە توندی ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە دەرگای سنورەکانی تەنیا بۆ ئاوارەکان کراوەن.

لەبەرامبەر لێدوانەکانی پوتن، سەرۆك وەزیرانی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا ڕایگەیان کە ئەبێ هەموو جیهان سوپاسی تورکیا بکەن بۆ لەخۆ گرتنی پەنابەران و "چگە لە تورکیا هیچ وڵاتێك مافی بڕیاردانی لەسەر چارەنوسی سنورەکانی وڵاتی تورکیا نییە."

خاوەن ماڵ دیار نییە

هێزە کوردیەکان و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لە دوو بەرەی جیاوازی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا سەرقاڵی پێشڕەوی کردنن بۆ ناوچەی مەنبەج و جەرابلس. ئەم پێشڕەویانە لە کاتێکدان کە هەردوو بەرە لە ململانێی بەردەوامدان دژبەیەکتر و هەریەکێکیان خۆی بە خاوەن ماڵ دەزانێت.

بەگوێرەی شارەزایان دوای دەرکردنی داعش لەو ناوچەیە، ئەگەرێکی بەهێزە کە ناکۆکی لەنێوان هەردوو بەرەی کورد و ئۆپۆزسیۆنی سوری بەرەو ئاڵۆزی درێژخایەن و مەترسیدار سەر بکێشێت.

ڕۆلێ حکومەتی ئەمریکا لەو نێوەندەدا ناڕوونە چونکە شکستی داعش لەناوچەکە ئامانجی هەرە لەپێشی ئەو وڵاتەیە. لە سۆنگەی ئەم ئامانجەوە، ئەمریکا هاوکاری پێشکەش هەردوو بەرەی کورد و ئۆپۆزسیۆنی سوری کردووە بەمەبەستی خێراتر کردنی داخستنی سنوری تورکیا بەڕووی داعش.

چاودێرانی ڕەوشەکە بەنیگەرانیەوە لەم پێشهاتانە دەڕوانن و مەترسی ئەوەیان هەیە کە هەردوو بەرەی کورد و ئۆپۆزسیۆنی سوری چەك و یارمەتی ئەمریکا بەکاربێنن دژ بەیەکتری.

بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "بارودۆخی ناوچەی مانبەج و جەرابلس لەو پەڕی لێڵی دایە. ناوچەکە پڕیەتی لە گرووپی دژبەیەك و کەس نازانێت چی دەگوزەرێت."

هێزە کوردیاکان هێڵی سوری تورکیان

تورکیا پاڵپشتی تەواوی چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکات بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ناوچەی مەنبەج و جەرابلس بەڵام هەر پێشڕەویەکی کورد بەرەو ناوچەکە بە هێڵی سور دەزانێت.

بەگوێرەی لێدوانە فەڕمیەکانی دەوڵەتی تورکیا، دانانی هێڵی سور لەسەر پێشڕەوی هێزە کوردیەکان دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان یەپەگە و پەکەکە. تورکیا نیگەرانە لە بەرفراوانبوونی زیاتری دەستەڵاتی یەپەگە و هەوڵەکانی گروپەکە بە مەترسی سەرەکی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت.

بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "یەپەگە ئەجێندای جیاوازی هەیە ل و تەگەرە دەخاتە بەردەم پرۆسەی سیاسی لە سوریا. یەپەگە مەترسییە لەسەر ئاسایشی سنورەکانی تورکیا."

بەڵام ئەمریکا هەمان هەڵوێستی تورکیای نییە لەسەر ئەم پرسە بەڵکو یەپەگە بە بەهێزترین هاوپەیمانی زەمینی خۆی دەزانێت لە شەڕی دژ بە داعش دا.

ئایدن سەلجەن باڵوێزی پێشوی تورکیا لە هەولێر سەبارەت بە هەڵوێستی جیاوازی ئەمریکا و تورکیا بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "گرنگترین ئامانج بۆ ئەمریکا بریتییە لە داخستنی سنوری تورکیا لەگەڵ داعش بەبێ لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کێ بەم ئامانجە هەڵدەستێت. بەلآم گرینگترین ئاماج بۆ تورکیا بریتیە لە وەستاندنی پێشڕەوی هێزە کوردیەکانی نزیك لە پەکەکە بە هەر نرخێك بێت تەنانەت بە هاوکاری کردنی گروپە توندڕەوەکانیش."

بەگوتەی ئایدن سەلجەن، ئەمریکا مەبەستیەتی لەو نێواندەدا بەشێوەیەك یاری بکات کە نیگەرانیەکانی تورکیا لەبەرچاو بگرێت و لە هەمان کات دا کارێکی وەها نەکات کە ببێتە هۆی وەستاندنی پێشڕەویەکانی کورد لەدژی داعش.

بەرپرسانی حکومەتی ئەمریکا سەبارەت بە لێکدانەوەکانی باڵوێزی پێشوی تورکیا ئامادەنەبوون ڕونکردنەوە بدەن بۆ دەنگی ئەمریکا.

باڵوێزی پێشوی تورکیا ئایدن سەلجەن جەختی کردەوە کە لە کۆتاییدا ئەمریکا خواستەکانی تورکیا سەبارەت بە سوریا جێبەجێ دەکات. بەو تەی سەلجەن، "ئەمریکا لەکۆتاییدا خواستەکانی ئەنکەرە سەبارەت بە سوریا دەبێت جێبەجێ دەکاتت. لەهەمان کاتدا هەندێ پەیوەندی و هاوکاری بۆ یەپەگە دەهێڵێتەوە چونکە ئەوان تکو ئێستا سەرکەوتوترین هێزن دژ بە داعش."

XS
SM
MD
LG