Accessibility links

تیمێکى تایبەتى ئەمەریکا لە کەرکوک چاودێرى جموجۆڵى داعش دەکات


تیمێکى تایبەتى سەر بە هێزە تایبەتەکانى ئەمەریکا لە رۆژئاواى کەرکوکەوە چاودێرى جموجۆڵى داعش دەکات لە سنورى قەزاى حەویجە و شەوى رابردوش ، فڕۆکەکانى هاوپەیمانان بەچڕى بۆردومانى چەکدارەکانى داعشیان لەو ناوچەیە کرد.

شوان حەمەغەریب فەرماندەى لیواى 4 ى پێشمەرگە لە رۆژئاواى کەرکوک، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بەهۆى بۆردومانى فڕۆکەکانى هاوپەیمانانەوە زیاتر لە 30 چەکدارى داعش کوژراون."

وتیشى"ئەو تیمەى هێزە تایبەتەکانى ئەمەریکا کە هاتوونەتە سنوورى کەرکوک ئەرکیان چاودێرى کردنى جموجۆڵى داعشە لە ناوچەکە."

لاى خۆشیەوە عەقید باپیر محەمەد فەرماندەى پێشمەرگە لە رۆژئاواى کەرکوک ، ڕوونیکردەوە شەوى ڕابردوو داعش هێزى کۆکردوەتەوە بۆ پەلاماردانى سەنگەرەکانى پێشمەرگە، بەڵام شکست بەپلانەکەیان هێنراوە، وتى"داعش دەیەوێت لە قۆڵى کەرکوکەوە هێرش بکات تا فشارى سەرموسڵ کەمبکاتەوە."

هەوڵەکانى شەوى ڕابردووى داعش لە ڕۆژئاواى کەرکوک بۆ هێرشکردنە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە، لە کاتێکدایە پێشتر دەنگى ئەمەریکا لە زارى فەرماندەکانى پێشمەرگەوە بڵاویکردبویەوە کە داعش لە دەوروبەرى کەرکوک جموجۆڵى فراوانى هەیە.

XS
SM
MD
LG