Accessibility links

تەقاندنەوەى بیرە نەوتیەكانى كەركوک و زیان گەیاندن پێیان بەردەوامى هەیە و شەوى رابردووش لە رێگەى دانانى بۆمبى چێنراوەوە، دوو بیرە نەوت لە كێڵگەى نەوتى خەبازە لە رۆژئاواى كەركوك تەقێنرانەوە.

ئەحمەد عەسكەرى سەرۆكى لیژنەى نەوت و وزە لە ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوک ، تەقاندنەوەى بیرە نەوتیەكانى بەكاری تیرۆریستانە وەسفكرد و ، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"لەو ناوچانەى بیرە نەوتیەكانیان تێدایە گوندى عەرەب نیشین هەن، كە گومان دەكرێت لەو گوندانەوە بیرە نەوتیەكان بكرێنە ئامانج."

وتیشى"سەرجەم بیرە نەوتیەكان پاسەوانى تایبەت بەخۆیان نیە بۆیە دەتەقێنرێنەوە."

تەقاندنەوەى بیرە نەوتیەكانى كەركوك خەریكە دەبێتە دیاردەیەكى ئاسایى و بەردەوام ، بەو پێیەى لەماوەى چەند مانگى رابردوودا زیاتر لە 4 جار بیرە نەوتیەكان كراونەتە ئامانج و تەقێنراونەتەوە.

كامەران كەركوكى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوك ، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"تەقاندنەوەى بیرە نەوتیەكان كارى تیرۆرستى نیە ، بەڵكو كارى ئاژاوەگێڕیە."

ئەو ناوچانەى بیرە نەوتیەكانیان تێدا دەتەقێنرێتەوە دوورن لە دەسەڵاتى داعشەوە، بۆیە زۆرجار ئەو گومانە دروست دەبێت كە تەقاندنەوەى بۆریە نەوتیەكان پەیوەندى بە ناكۆكیە سیاسیەكانى هەرێمە هەیە و پەیامى سیاسیان لە پشتەوەیە.

بەڵام ئەحمەد عەسكەرى رەتیكردەوە لەتەقاندنەوەى بۆریەكاندا تەنها پەنجەى تۆمەت بۆ خەڵكانى عەرەب درێژ بكرێت ، وتى"رەنگە كورد و توركمانیش پەیوەندیان لەگەڵ گروپە چەكدارەكاندا هەبێت و دەستیان هەبێت لە تەقاندنەوەى بۆریەكاندا."

سەربارى هەبوونى ناكۆكى لەسەر ناردنە دەرەوەى نەوتى كەركوك لەنێوان هەرێم و ناوەنددا ، هاوكات لەسەر داهاتى نەوتى كەركوك لەنێو خۆیى هەرێمیشدا مشتومڕ و ناكۆكى هەیە.

XS
SM
MD
LG