Accessibility links

وردەكارى هێرشەكانى شەوى ڕابردووى داعش بۆ سەر سەنگەرەكانى پێشمەرگە لە كەركوک


شەوى ڕابردوو چەكدارەكانى داعش لە 5 قۆڵەوە هێرشیانكردە سەر سەنگەرەكانى هێزى پێشمەرگە لە گوندەكانى باشورى رۆژئاواى كەركوک و دواى 6 كاتژمێر شەڕكردن كە تیمێكى ئەمەریكى و فڕۆكەكانى هاوپەیمانانیش بەشداربوون، داعش لە ناوچەكە كشاوەتەوە.

وەستا ڕەسوڵ فەرماندەى میحوەرى باشورى كەركوكى هێزى پێشمەرگە، بۆ دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"سەرەتا چەكدارەكانى داعش پێشرەویانكرد و گوندى موڕڕەى گەورەیان كۆنترۆڵكرد، بەڵام دواتر پێشمەرگە هێرشى دەستپێكرد و گوندەكەى كۆنترۆڵكردەوە."

بەپێى وتەى وەستا ڕەسوڵ ، ئامانجى داعش لە هێرشەكانى شەوى ڕابردوو زیندووكردنەوەى یادى شەڕى بەدرى سەردەمى پێغەمبەرى ئیسلام و كۆنترۆڵكردنەوەى ئەو ناوچانە بووە كە لە دواى 9 ى مانگى سێی ئەمساڵدا لەدەستیاندابوو.

سەبارەت بە ڕۆڵى هێزەكانى هاوپەیمانان ، وەستا رەسوڵ وتى"هاوپەیمانان ڕۆڵێكى گەورەیان لە شەڕەكەدا هەبوو ، كە تیمێكى ئەمەریكى ڕۆیشتوونەتە مەیدانى شەڕەكە و فڕۆكەكانیش بەردەوام داعشیان بۆردومانكردووە."

فەرماندەى میحوەرى باشورى كەركوک، ئاماژەى بەوەشكرد چەكدارەكانى داعش زیانى گەورەیان بەر كەوتووە و نزیکەی 100 تەرمیان لێ‌ بەجێماوە.

بەپێى وتەى بەرپرسانى پێشمەرگە، لە ئەنجامى شەڕى نێوان داعش و پێشمەرگەدا 6 پێشمەرگە گیانیان لە دەستداوە و نزیكەى 20 پێشمەرگەى تریش برینداربوون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:48 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG