Accessibility links

قسەکانى ئەردۆغان کورد و تورکمانى شیعە نیگەران دەکات


بە تیرۆریست ناوبردنى حەشدى شەعبى لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان ى سەرۆک کۆمارى تورکیاوە، تورکمانە شیعەکانى عێراق نیگەران دەکات ، هەروەها کوردەکانیش داواى سنوردانان بۆ ئەردۆغان دەکەن لەبەرانبەر دەستوەردانى لە کاروبارى ناوخۆیى کەرکوک.

رەجەب تەیب ئەردۆغان ى سەرۆک کۆمارى تورکیا ، لە میانەى چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى جەزیرەى قەتەرى ، رایگەیاند کە بەڵێنى داگرتنى ئاڵاى کوردستانیان لەسەر بیناى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک پێدراوە ، بێ‌ ئەوەى ئاماژە بەو کەس و لایەنانە بکات کە بەڵێنەکەیان پێداوە.

لاى خۆیەوە ئەحمەد عەسکەرى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک ، هەر جۆرە هەوڵێکى بۆ داگرتنى ئاڵاى کوردستان رەتکردەوە ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"قسەکانى ئەردۆغان دەستوەردانە لەکاروبارى ناوخۆى عێراق و دەبێت بەتوندترین شێوە وەڵام بدرێتەوە ."

وتیشى"گەر ئەمرۆ ئەردۆغان دەست بخاتە نێو کاروارى کەرکوک ، دوو سبەى لەکاروبارى بەغدا و بەسرەش دەست وەردەدات."

لێدوانەکەى ئەردۆغان بۆ داگرتنى ئاڵاى کوردستان لەکەرکوک ، لەکاتێکدایە پێشتر تورکمانە سونەکانى کەرکوک خۆپیشاندانێکیان دژى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان ئەنجامدا ، بەڵام تورکمانە شیعەکان کە ژمارەیان زیاترە سەربارى نارازیبوونیان، بەڵام هەڵوێستى کرداریان نەبووە.

لەبەشێکى ترى قسەکانیدا بۆ کەناڵى جەزیرە ، سەرۆک کۆمارى تورکیا هێزەکانى حەشدى شەعبى بە جێبەجێکارى پلانەکانى ئێران وەسفکرد و وتى" حەشد هێزێکى تیرۆرستیە ". ئەوەش لەکاتێکدایە زۆربەى تورکمانە شیعەکانى دەوروبەرى کەرکوک و خورماتو و دیالە بونەتە بەشێک لەحەشد.

نازم کەهیە سەرۆکى پارتى دیموکراتى تورکمانى سەربەخۆ کە خۆى کەسێکى شیعە مەزهەبە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لێدوانەکەى ئەردۆغان تورکمانە شیعەکانى تەواو تورە کردووە ، چونکە ئەوان زۆربەیان حەشدى شەعبین ."

وتیشى"تورکمانە سونەکان خۆیان بەستوەتە تورکیاوە، بەڵام تورکمانە شیعەکان کە 60%ى کۆى تورکمانە شیعەکانى عێراق پێکدەهێنن ، مەزهەب زاڵترە بەسەریاندا و ئینتیمایان بۆ حکومەتى عێراقى هەیە."

ئاڵاى کوردستان تائێستا بەفەرمى لەسەر بیناى پارێزگا و ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک هەڵکراوە، بەوتەى بەرپرسانى شارەکەش ئاڵا لەسەر 63 فەرمانگەى ترى حکومى هەڵدەکرێت بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکى بۆ نەنراوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:02 0:00

XS
SM
MD
LG