Accessibility links

جان کێری: لەگەڵ تورکیا ئەو بەشە کراوەی سنووریش لەگەڵ داعش دادەخەین


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا دەسـتدەکات بە ئۆپەراسیۆنێـک بۆ تەواوکردنی دابڕانی ناوچەکانی ژێر دەستی داعش لەگەڵ تورکیا.

جان کێری ئەمڕۆ سێشەممە لە وتووێژێـکیدا لەگەڵ کەناڵی CNN گوتی لە ئێسـتادا 75% ی سنووری سوریا داخراون و ئەوەی ماوەتەوە کە 98 کیلۆمەترە وا لەگەڵ تورکەکان ئەویش دادەخەن.

واشنتن دەیەوێت داعش لە سنوورەکان داببڕێت تاوەکو ڕێگەی بازرگانی لێبگرێت و هەروەها ڕێگە بگیرێت لە چوونی چەکدارانی بیانی بۆ نێو سوریا.

دیپـلۆماتانی ئاگادار لە پـلانەکەی نێوان ئەمەریکا و تورکیا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزیان گوتووە بە جێبەجێکردنی پلانەکە یەکێـک لە شادەمارەکانی ژیانی داعش دەبڕێت و ئەمەش کاریگەری بەسەر شەڕەکەوە دەبێت.

کاربەدەسـتێـکی تورکیش بە ڕۆیتەرزی گوتووە لە چەند ڕۆژی داهاتوو لەگەڵ ئەمەریکا بۆ ئەو مەبەستە هەنگاو دەنێین.

سەبارەت بە ڕووسیا، جان کێری گوتی هەماهەنگی لەگەڵ مۆسکۆ پـێویستی بە پـێشچوونە لە پـرۆسەی سیاسی بۆ کۆتایی‌هێنان بە شەڕی ناوخۆی سوریا. گوتیشی ئەو ڕێکەوتنانەی لە وتووێژەکانی ئاشتی هەفتەی ڕابردوو لە ڤیەنـنا لایەنەکان پـێی گەیشتوون، ڕەنگە لە چەند هەفتەی داهاتوو بـبنە مایەی گۆڕانێـکی گەورە بە ئاڕاستەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا.

XS
SM
MD
LG