Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا کۆدەبێتەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت وڵاتەکەی و ڕووسیا دەتوانن پـێـکەوە کاربکەن بۆ هەنگاونان بە ئاڕاستەی کۆتایی‌هێنان بە شەڕی ناوخۆی سوریا کەوا بۆ چەندان ساڵە درێژەی کێشاوە و لەو نێوەدا سەدان هەزار کەس کوژراون.

ئەمڕۆ سێشەممە لە مۆسکۆ لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا، جان کێری ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ئەمەریکا و ڕووسیا پـێـکەوە دەتوانن کاری گەورە ئەنجام بدەن.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەر لەوەی لەگەڵ پـوتن کۆبـبێتەوە، بۆ ماوەی زیاتر لە 3 کاژمێر وتووێژی لەگەڵ سێرگێی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کرد. لە وتووێژەکەدا بۆ لاڤرۆڤی ڕوون کردووەتەوە کە ناکرێت بەشار ئەسەد لە دەسەڵات بمێنێتەوە.

ئەمەریکا و ڕووسیا ناکۆکن لەسەر ڕۆڵی بەشار ئەسەد لە قۆناغی گواستنەوەی سیاسی لە سوریادا.

جان کێری هیوادارە بە وتووێژەکانی لەگەڵ پـوتن و لاڤرۆڤ ڕێگەخۆشبکات بۆ سەرکەوتنی ئەو کۆبوونەوەیەی چاوەڕوان‌دەکرێت لە نیویۆرک بۆ قەیرانی سوریا سـازبکرێت.

سێرگێی لاڤرۆڤ گوتی ڕێکەوتوون لەسەر سـازکردنی کۆبوونەوەکەی نیویۆرک، کە لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە لە 18 ئەم مانگە ئەنجام بدرێت.

لاڤرۆڤ گوتیشی مۆسکۆ و واشنتن هەروەها ڕێکەوتوون لەسەر ئامادەکردنی لیستێـک بە ناوی گروپە میانڕەوەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا و لیستێـکی دیکە بە ناوی گروپە تێرۆرستیـیەکان.

XS
SM
MD
LG