Accessibility links

جان کێری: ئەمەریکا لە سیاسەتی خۆی بۆ شـکستهێنان بە داعش بەردەوام‌دەبێت


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە سیاسەتی خۆی بۆ شکستهێنان بە داعش، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەم ڕێکخراوە نمونەی خراپکاریـیە و هیچ پەیوەندیـیەکی بە ئاینی ئیسلامەوە نیـیە.

جان کێری ئەمڕۆ چوارشەممە لە زانکۆی National Defense لە واشنتنی پایتەخت وتارێـکی پـێشکەشکرد لە بارەی ڕێبازی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ سـاڵی 2016 ، گوتی هەڵمەتی نێودەوڵەتی لە دژی داعش چەند بەرەوپـێشچوونێـکی بەخۆیەوە بینیوە، لەوانە ئازادکردنی بەشێـکی گەورەی ڕومادی و پـێشـتر شەنگال و تکریت، لەگەڵ ئەوانەش دەیان لە سەرکردەکانی داعش کوژراون.

پاشان جەختی لەوە کرد ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردن لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ فشارخستنە سەر داعش لە ڕێگەی بڕینی سەرچاوەکانی داهاتی و لاوازکردنی تواناکانی بۆ سوود وەرگرتن لە نەوت و هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی پـرۆپاگەندەکانی دەیانکات.

سەبارەت بە قەیرانی پەنابەران، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم قەیرانە. گوتیشی ئەمەریکا نزیکەی 4.4 ملیار دۆلاری پـێشـکەشکردووە بۆ بەشداریکردن لە چارەسەری قەیرانەکە، بە تایبەتی لە عێراق و سوریا. ئاشکراشی کرد ئەمەریکا پەنابەر لە چەند وڵاتێـکی ئەمەریکای لاتین وەردەگرێت بە تایبەتی لە سلڤادۆر و گواتیمالا و هیندۆراس کە لەوێ خەڵکانێـک هەن بوونەتە ئامانجی قاچاخچیانی تلیاک و ماددە سڕکەرەکان.

هەروەها لە وتارەکەیدا باسی لە چەند بابەتی دیکە کرد کە ئەمەریکا لە ماوەی ئەمساڵدا سەنگیـیان دەخاتە سەر، لەوانە قەیرانی سوریا، ئەویش لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە پـرۆسەیەکی گواستنەوەی سیاسی لە سوریا تاوەکو سنوورێـک بۆ شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە دابنرێت.

XS
SM
MD
LG