Accessibility links

جان کێری باس لە سوودەکانی ڕێکەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێراندا دەکات

  • Motabar Shirwani

جان کێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە دەنگی ئەمەریکای گوت جێبەجێـکردنی ڕێکەوتنی نێودەوڵەتی لە بارەی بەرنامە ناوکیـیەکەی ئێرانەوە دەبێتە مایەی ئەوەی جیهان زیاتر پارێزراوتر بـبێت و باری ژیان و گوزەرانی ئێرانیـیەکانیش باشتر ببن و بوار بۆ ڕەخساندنی هەلی دیکە لە نێوان ئەمەریکا و ئێران دەدات. وەزیر کێری ڕۆڵێـکی سەرەکی دەبینێت لە هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ئۆباما بۆ بەدەسـتهێنانی پشـتیوانی بۆ ڕێکەوتنەکە لە نێو ئەو یاسادانەرە ئەمەریکایـیانەی گومانیان لە ڕێکەوتنەکە هەیە. ڕیچارد گرین لە واشنتنەوە زیاتری لەم بارەیەوە لایە.

لە چاوپێـکەوتنێـکدا لەگەڵ بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا جۆن کێری گوتی دڵنیایە لەوەی یاسادانەران دەگەنە ئەو بڕوایەی کە شکستهێنان لە پەسەندکردنی ئەو ڕێکەوتنەی ئێران و شەش زلهێزەکەی جیهان پـێی گەیشتوون، ڕەنگە ببێتە مایەی هەڵگیرساندنی شەڕ و ناکۆکی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پـڕ کێشەدا.

" چونکە ئەگەر بێت ئێمە ئەم ڕێکەوتنەمان نەبێت، ئەوا من لەو بڕوایەدام ئایەتوڵڵا دەڵێت، بۆچی لەگەڵ ئەمانە وتووێژ بکەم؟ بە ئەنجامیان نەگەیاند. هیچیان نەکرد. بۆچی هاوکاران و دۆستانمان لە جیهان پشـتیوانی لە سزاکان بکەن کە بۆ مەبەستی گەیشتن بە ڕێکەوتنێـک دانراون، ئەوەتا بە یەکێـک گەیشـتوون و نایانەوێت؟ بۆیە تەواوەتی شیرازەی ڕەوشەکە تێکدەچێت و ناوچەکە بەرەو مەترسـیەکی گەورە دەبات."

کێری داکۆکی لە بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا کرد لە بەرامبەر ئەو ڕەخنانەی لێی دەگیرێن کە دەڵێن دەبوایە بە ئاڕاستەی کارنامەیەکی فراوان فشاریان بکردایە، بە شێوەیەک مافەکانی مرۆڤ و داوای ئازادکردنی ئەو چەند ئەمەریکایـیەی لە ئێراندا دەسـتگیرکراون لەخۆبگرتایە.

" لە ڕاستیدا ئەم ڕێکەوتنە وەکو پـێشـتر گوتمان، ئەگەر بهاتایە ئێمە چەند مەسەلەیەکی نێوان ئێران و کۆمەڵی نێودەوڵەتی یان نێوان ئەمەریکا و ئێرانمان تیایدا بوروژاندایە، ئەوا ڕەنگە بۆ 10 سـاڵ دانوسـتاندنمان بکردایە و هیچمان بەدەسـت نەهێنایە. هەروەها کاتی ئەوەشمان نەبوو، چونکە مەسەلەکە ناوکیـیەکە بوو کە بەرەو پـێشەوە دەڕۆیشت."

کێری گوتی زۆر شتی باش بۆیان هەیە بـبن ئەگەر بێت و ئێران ڕێکەوتنەکە بە تەواوی جێبەجێ بکات.

" شیانی گەشتکردن لە خۆدەگرێت، بەڵام ئەوەش لە خۆی دەگرێت کە دەسـتبەجێ جێبەجێبکرێن، ئەوانیش لابردنی سزای تایبەتن لەسەر دارایی و کاری بانکی و هێنان و بردنی کاڵاکان. شتە خۆراکەکانی ڕێگەیان پـێدەدرێت لە ئێرانەوە بفرۆشرێن، بستە، فەرش، خۆراکی دیکە ، ئەم شتانە ڕێگەیان پـێدەدرێت بفرۆشرێن. بۆیە دەرگا بە ڕووی هەندێـک شت واڵا دەبێت، بەڵام بە ڕووی هەموو شتێـک هێشـتا نەخیر. قەدەغەکردنی کارە سەرەکیـیەکانی بازرگانی وەکو خۆیان دەمێنـنەوە."

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە لە بڕیارێـکدا بە تێـکڕای دەنگ ڕێکەوتنی تایبەت بە بەرنامە ناوکیـیەکەی پەسەندکرد. بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ئۆباما ڕۆژی یەکشەممەی دانا وەکو سەرەتای ئەو 60 ڕۆژەی کە بڕیارە تیایدا کۆنگرس پـیاداچوونەوەی خۆی بە ڕێکەوتنەکەدا بکات. هەروەها ڕێکەوتنەکە دەشبێت لە لایەن یاسادانەرانی ئێرانیشەوە پەسەندبکرێت.

XS
SM
MD
LG