Accessibility links

جان کێری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆدەبێتەوە


وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جۆن کێری دەڵێت؛ لە پێناو فشار خستنە سەر داعش، ئەمریکا و تورکیا تاوتوێی چەند پلانێک دەکەن بۆ فراوانکردنی هاوکاریەکانی نێوانیان.

جۆن کێری پاش نیوەڕۆی دووشەممە لە میانەی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ مەولود چاوش ئۆغلو هاوتا تورکیەکەی ئەمەی رایگەیاند و گوتی هەموومان بەرژەوەندیەکی هاوبەشمان لە تێکشکاندنی رێکخراوە تێرۆرستیەکانی وەک داعش و بەرەی نوسرە دا هەیە ، هەتا دەکرێت بە خێرایی و هەروەها گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ هەرێمەکە.

جێی ئاماژەیە تورکیا کە هاوپەیمانێکی ناتۆیە، هەروەها بەشێکیشە لە هاوبەندیەکی فرە نەتەوەیی ئەوەی شەڕی لە دژی ملیتانانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا کردووە.

بەڵام بە هۆی پشتیوانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کوردانی سوریا ، لەسەر ئەو مەسەلەیە ناکۆکی لە نێوان ئەمریکا و تورکیادا هەیە. ئەنکەرە دەڵێت پەیەدە گرێدراوی پارتی کرێکارانی کوردستانە ، واتا ئەو رێکخراوە تیرۆرستیەی بە گوتەی تورکیا کە شەڕ لە پێناو ئۆتۆنۆمیدا لەو وڵاتەدا دەکات.

ڕۆژی دووشەممە رەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆکی تورکیا گوتی لە مانگی حەوتی ساڵی پارەوە، هێزەکانی ئاسایشی وڵاتەکەی پتر لە 5 هەزار سەرهەڵداوی کوردیان کوشتوە یان دەستگیرکردوە. ئەم لێدوانەی دووشەممەی سەرۆکی تورکیا بەر لەو سەردانەیەتی بۆ واشنتن لەم هەفتەیەدا بۆ بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی نێونەتەوەیی ئەتۆمی.

XS
SM
MD
LG