Accessibility links

بەڕێوەبەرى پۆلیسى كەركوک: لەسەر دۆسیەى محەمەد خەلیل پۆلیسێكى توركمان دەستگیركراوە


ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوک لەسەر دۆسیەى تیرۆركردنى محەمەد خەلیلى سەرۆكى كوتلەى عەرەبى لە ئەنجومەنى پارێزگا بانگهێشتى بەرپرسە ئەمنیەكانى كەركوک دەكات و بەڕێوەبەرى پۆلیسى كەركوكیش دەڵێت تا ئێستا كەس لەسەر دۆسیەكە دەستگیرنەكراوە.

لیوا جەمال تاهیر بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەى تۆمەتبارانى دۆسیەى تیرۆر كردنى محەمەد خەلیل بەردەوامە و ، تائێستا تەنها پۆلیسێكى توركمان بە تۆمەتى كەمتەرخەمى دەستگیركراوە كە نزیک بووە لەشوێنى رووداوەكەوە."

لاى خۆشیەوە نەجات حسێن ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوك لەكوتلەى توركمانى، رەخنەى لە دەزگا ئەمنیەكانى كەركوك گرت بەوەى تیرۆرى سیاسى لەناو كەركوك بەردەوامى هەیە، كەچى دەزگا ئەمنیەكان نەیانتوانیوە سنورێك بۆ ئەو دیاردەیە دابنێن.

هاوكات ئەحمەد عەسكەرى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگا لە كوتلەى كوردى، ئاماژەى بەوەكرد سبەینێ‌ ئەنجومەنى پارێزگا كۆدەبێتەوە و بەرپرسە ئەمنیەكان بانگهێشت دەكات بۆ گفتووگۆكردن لەسەر دۆسیەى محەمەد خەلیل.

پێشتر بەرپرسانى كەركوک ئەوەیان بۆ دەنگى ئەمەریكا ئاشكرا كردبوو كە تیرۆریستان پلانیان بۆ تیرۆر كردنى 100 كەسایەتى كەركوک داڕشتووە.

XS
SM
MD
LG