Accessibility links

كورد و شیعە لە خورماتوو رێككەوتن و لە كەركوكیش حەشدى شەعبى ئاگادار دەكرێتەوە


ئەمڕۆ پێنجشەمە لایەنە كوردى و شیعیەكانى خورماتوو كۆبوونەوە و رێككەوتن لەسەر هێوركردنەوەى بارودۆخى ئەمنى قەزاكە و كۆتایى هێنان بەو بارگرژیەى لە قەزاكەدا دروستبووە، هەروەها هێزەكانى پـێشمەرگەش حەشدى شەعبیان ئاگادار كردەوە لەوەى گوندى بەشیرى خۆرئاواى كەركوك جێبهێڵێت یان لەبن دەستى داعش دەریبهێنێت.

حەسەن بارام سەرپەرشتیارى رێكخستنەكانى یەكێتى لە قەزاى خورماتوو ، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"لەگەڵ لایەنە شیعیەكاندا رێككەوتین لەسەر ئەوەى چەكدارەكانى حەشدى شەعبى واز لە گێچەڵكردن بە دانیشتوانى خورماتوو بهێنن."

ناوبراو ، ئاماژەى بەوەشكرد لایەنە توركمانیە شیعیەكان لە كۆبوونەوەكەدا بەڵێنى ئەوەشیان پێداون واز لە هەوڵەكانیان بۆ گۆڕینى بەرپرسانى كورد لە خورماتوو و دانانى بەرپرسى توركمانى لە جێگەكانیان بهێنن ، وتى"لیژنەیەكى هاوبەشیش لە پۆلیس و ئاسایش پێكدەهێنرێت بۆ دەستگیركردنى ئەو كەسانەى پشێوى دەنێنەوە."

هاوكات لەگەڵ رێككەوتنى كورد و شیعەدا بۆ هێوركردنەوەى دۆخى ئەمنى خوماتوو، سۆران جەلال بەڕێوەبەرى پـۆلیسى فریاكەوتنى ناحیەى تازە، ئاماژە بەوە دەكات هێزى پێشمەرگە چەكدارە شیعەكانى ئاگادار كردووەتەوە گوندى بەشیرى خۆرئاواى كەركوك بەجێبهێڵن یان لەبن دەستى داعش دەریبهێنن.

ناوبراو بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"چەكدارە شیعەكان گوندى بەشیریان پێ‌ كۆنترۆڵ ناكرێت كەچى ناوچەكەش جێناهێڵن."

هەرچەندە دەنگۆى ناردنى هێزى زیاترى حەشدى شەعبى لەلایەن حكومەتى عێراقیەوە بۆ كەركوك لە ئارادایە، بەڵام نەجات حسێن فەرماندەى هێزەكانى حەشدى شەعبى ئەو دەنگۆیە رەتدەكاتەوە، دەڵێت"بێ‌ وەرگرتنى ڕەزامەندى لە هێزى پێشمەرگە ، ژمارەى هێزەكانى حەشدى شەعبى لە كەركوك زیاد ناكرێت."

سەربارى دووركەوتنەوەى چەكدارەكانى داعش لە سنوورى كەركوك و خورماتوو ، بەڵام پشێوى ئەمنى لەو ناوچانە كۆتایى نەهاتووە و لە ئێستادا ململانێكە لە ململانێى نێوان كورد و عەرەبى سووننەوە بۆ ململانێى نێوان كورد و شیعە گوڕاوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:09 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG