Accessibility links

پۆلیسى كەركوك سەركردەیەكى بەعس ڕادەستى بەغدا دەكات و پارێزەرێكى تاریق هاشمیش دەستگیردەكات


هێزەكانى پۆلیسى كەركوك پارێزەرێكى تاریق هاشمى جێگرى پێشووى سەرۆك كۆمارى عێراقیان لەنێو دادگاى ئەو شارەدا دەستگیركرد ، كە پارێزەرەكە لەلایەن دادگاى بەغداوە بریارى دەستگیركردنى هەبووە.

نەجات حسێن ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوك، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"پۆلیسى كەركوك سەربە وەزارەتى ناوخۆى عێراقە و پارێزەرەكەى هاشمى رادەستى بەغدا دەكاتەوە."

پارێزەرە دەستگیركراوەكەى تاریق هاشمى ناوى موئەیەد عوبێدە و بەشدارى لەكۆنگرەى ئەستانبوڵ دا بەسەرۆكایەتى هاشمى كردووە، بۆیە دادگا بریارى دەستگیركردنى بۆ دەركردووە.

دەنگى ئەمەریكا پەیوەندى بە هەریەك لەعەمید خەتاب عومەر بەرێوەبەرى پۆلیسى كەركوك و عەمید سەرحەد قادر بەرێوەبەرى پۆلیسى قەزاو ناحیەكانى كەركوكەوە كرد، بەڵام رەتیانكردەوە لەسەر دۆسیەى پارێزەرە دەستگیركراوەكە لێدوان بدەن.

دەستگیركردنى ئەو پارێزەرە ، لەكاتێكدایە لەچەند مانگى رابردوودا پۆلیسى كەركوك ئەندامێكى سەركردایەتى حیزبى بەعسى دەستگیركرد و ، نەجات حسێنیش دەڵێت"پۆلیس ئەو سەركردەیەى بەعسى رادەستى حكومەتى عێراق كردووە."

تاریق هاشمى جێگرى سەرۆك كۆمارى عێراق دواى ئەوەى لەلایەن حكومەتى عێراقەوە بە تۆمەتى تیرۆر بریارى دەستگیركردنى بۆ دەركرا ، بەرەو وڵاتى توركیا هەڵات و لەئێستادا لەو وڵاتە نیشتەجێ‌ بووە.

XS
SM
MD
LG