Accessibility links

بەرپرسانى کورد: ئاڵاى کوردستان هەڵنەکراوە تا دابگیرێت


بەرپرسانى کورد لە کەرکوک ، داگرتنى ئاڵاى کوردستان لەسەر فەرمانگە حکومیەکانى کەرکوک رەتدەکەنەوە و دەڵێن ئاڵاى کوردستان لەسەر هیچ فەرمانگەیەکى حکومى لەکەرکوک هەڵنەکراوە تا دابگیرێت.

جوان حەسەن ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک ، رەتیکردەوە ئاڵاى کوردستان لەسەر فەرمانگە حکومیەکانى کەرکوک هەڵکرابێت تا دابگیرێت، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئاڵاى کوردستان تەنها لەسەر بیناى پارێزگاو ئەنجومەنى پارێزگا هەڵکراوە و داشنەگیراوە ."

بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمەریکا، لەئێستادا پارێزگاو ئەنجومەنى پارێزگا بەرنامەیان بۆ هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لەسەر فەرمانگە حکومیەکانى تر نیە جگە لەبیناى پارێزگاو ئەنجومەن کەئاڵایان لەسەر هەڵکراوە، لەکاتێکدا بەپێى بریارى ئەنجومەن دەبێت دەسەڵاتى جێبەجێکردن بودجە بۆ کرینى ئاڵا بۆ فەرمانگەکان تەرخان بکات.

کامیل ساڵەیى قایمقامى ناوەندى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئاڵاى کوردستان لەسەر بیناى قایمقامیەت دەشەکێتەوە، بەڵام لەسەر پەروەردە وتراوە گوایە داگیراوە ، ئێمە پەیوەندیمان پێوەکردن وتیان داگرتنەکە تەنها بۆ مەراسیم بووە و هیچى تر."

وتیشى"پارێزگا پەیوەندیان بەفەرمانگە حکومیەکانەوە کردووە و پێیانوتوون ئاڵا هەڵمەکەن ، تا خۆمان لیژنە پێکدەهێنین و بریارتان بۆ دەنێرین."

هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان تەنها لەنێو کەرکوکدا کاردانەوەى دروست نەکردووە، بەڵکو لەنێو پەرلەمانى عێراقیش دا مشتومڕى دروستکردووە.

محەمەد عوسمان ئەندامى پەرلەمانى عێراق، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لەسەر هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لەکەرکوک، نزیکەى 100 پەرلەمانتارى عەرەب و تورکمان ئیمزایان کۆکردووەتەوە بۆ لەکارخستنى پارێزگار و ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک."

وتیشى"خەیاڵیان خاوە و هەوڵەکەیان سەرناگرێت."

مانگى رابردوو ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بریارى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستانى لەسەر فەرمانگە حکومیەکانى کەرکوک پەسەند کرد و رۆژى پەسەند کردنى بریارەکەش، ئاڵا لەسەر بیناى پارێزگاو ئەنجومەنى پارێزگا هەڵکرا.

XS
SM
MD
LG