Accessibility links

هەواڵ هەیە یەکێـک لەو سێ کچە کوژرابێت کە ساڵی ڕابردوو لە بەریتانیاوە چوونە ناو داعشەوە

  • VOA News

سەرچاوەیەک دەڵێت پـێدەچێت یەکێـک لەو سێ کچە کوژرابێت کە ساڵی ڕابردوو لەندەنی پایتەختی بەریتانیایان جێهێشت و لە ڕێگەی تورکیاوە چوونە ناو داعش لە سوریا.

تەسنیمێ ئاکونجی پارێزەری خێزانی کادیزا سوڵتانە بە کەناڵی BBC بەریتانی گوت، بە خێزانی کادیزا گوتراوە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر کچەکەیان بە هێرشێـکی ئاسمانی لە شاری ڕەققەی سوریا کوژراوە. گوتیشی ئێستا ئەندامانی خێزانەکەی کۆستیان کەوتووە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە 17 ی مانگی دووی سـاڵی 2015 کەدیزا تەمەنی 16 سـاڵ بوو، لەگەڵ هەریەک لە شەمیمە ئەلبیجوم و ئەمیرە عەباسی کە هەردووکیان تەمەنیان 15 سـاڵ بوو و پـێکەوە خوێندکاربوون، بە دزی کەسوکاریان بە فڕۆکە لە لەندەنەوە بۆ ئەستەنبوڵ ڕۆیشتبوون و لەوێشەوە کەسێـک یارمەتی دابوون تاوەکو بچنە ناو سوریا.

کەناڵی ITV News ، یەکەم میدیابوو هەواڵەکەی ڕاگەیاند. کەناڵەکە ڕۆژی پـێنجشەممە وتووێژێـکی تەلەفونی نێوان کادیزا و خۆشکەکەی پەخش کرد کە تیایدا گوتبووی دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا بەڵام نازانێت چۆن خۆی لە سوریا دەربازبکات.

کەدیزا کە بە خەدیجە ناودەبرا لە تەلەفونەکەدا گوتبووی" هەستێـکی باشم نیـیە. ئەترسم... خۆت دەزانیت ئێستا سنوورەکان داخراون، ئیتر چۆن بێمە دەرێ؟"

حەلیمەی خوشکی بە کەناڵەکەی گوت " چاوەڕێی ئەمەمان دەکرد، بەڵام هەر هیچ نەبێت ئێسـتا دەزانین لە شوێنێـکی باشترە."

تەسنیمێ ئاکونجی پارێزەر ئەویش لای خۆیەوە بە کەناڵەکەی گوت خوازیارە مەرگی کادیزا ببێتە پەندێـک بۆ کەسانی دیکە تاوەکو بزانن چەندە مەترسیدارە بەرەو ناوچەیەکی شەڕدا بڕۆن.

شایەنی باسە پـۆلیسی بەریتانیا مەزەندە دەکات بە لایەنی کەم 800 کەس لە بەریتانیاوە بەرەو سوریا و عێراق ڕۆیشتبن بۆ پەیوەندیکردن بە داعشەوە. لەو ژمارەیە دەیانیان کوژراوە.

XS
SM
MD
LG