Accessibility links

ئەنجامە سەرەتایـیەکانی هەڵبژاردنەکانی ئوردن نیشانی دەدەن پشـتیوانی ئیسلامیـیەکان دابەزیوە


دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ئوردن ئەنجامە سەرەتایـیەکانی هەڵبژاردنە پەرلەمانیـیەکەی ڕۆژی سێشەممەی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و تیایدا زۆربەی کورسیـەکان بۆ کەسایەتی خێڵەکان و کاردارانی نزیک حکومەتن.

دەستەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە ئەنجامەکەی ڕاگەیاند و دەڵێت لە کۆی 130 کورسی ئەنجومەنی نوێنەران تەنها 16 کورسی بۆ لیستی" هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ چاکسازیـیە" کە لە لایەن پارتی بەرەی کاری ئیسلامی، ئەوەی باڵی سیاسی ئیخوان ئەلموسلیمینە ڕێبەرایەتی دەکرێت.

پارتی ناوبراو لە هەردوو هەڵبژاردنەکانی 2013 و 2010 بەشداری نەکرد، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی 1989 کە ئەو سەردەمە پەرلەمانی ئوردن 80 کورسی بوو، 22 کورسیان بردەوە.

سەبارەت بە ژنانیش لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا، جگە لەو 15 کورسیـیەی لە چوارچێوەی سیستەمی کوتا بۆیان تەرخانکراوە، 5 کورسی دیکەیان بردووەتەوە.

جیهاد ئەلمومنی گوتەبێژی دەستەی سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت بەپـێی ئەنجامە سەرەتایـیەکان بە لایەنی کەم 20 ژن لە پەرلەمانی داهاتووی وڵاتەکەدا دەبن.

هێشتا 3 کورسی کە بۆ کۆچەری ناوەندی وڵاتەکە تەرخانکراوە، یەکلایی نەبوونەتەوە، ئەمەش بەهۆی فرتوفێڵ لە کاتی دەنگدانەکەدا کرابوو و دەستەکە بڕیاری داوە سەر لەنوێ دەنگدان بۆ ئەو 3 کورسیـیە دووبارە بکرێنەوە.

هەروەها لە چوارچێوەی کوتادا، کرستیانەکان 9 کورسیان بۆ تەرخانکراوە و شەرکەس و چیچانیـیەکانیش 3 کورسی.

جێی ئاماژەیە 4.1 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام تەنها نزیکەی 1.5 ملیۆن کەس بەشداریـیان کرد.

XS
SM
MD
LG