Accessibility links

ئەمەریکا 8 هەلیکۆپتەری جەنگی پێشـکەشی ئوردن دەکات

  • VOA News

ئەمەریکا ئەمڕۆ پـێنجشەممە 8 هەلیکۆپتەری جەنگی پـێشکەش بە ئوردنی کرد لە چوارچێوەی ئەو بەڵێنەی داویەتی بۆ یارمەتیدانی لەشکری ئوردن کە لە ئێسـتا بەشداری شەڕی داعش دەکات.

کاربەدەسـتێـکی لەشکری ئەمەریکا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوت هەلیکۆپتەرەکان لە جۆری بلاک هۆکن UH-60A و لەشکری ئەمەریکا بۆ ماوەی 15 سـاڵ بوو لە ئۆپەراسیۆنی جۆراوجۆر لە جیهاندا بەکاریهێنابوون، بەڵام نوێکراونەتەوە و پـێشـکەشی ئوردن کراون و ئێستا بڕیارە بۆ پاڵپشتی و گواستنەوەی هێزەکانی ئوردن بەکاربهێنرێن.

چاوەڕوان‌دەکرێت ئوردن هەتا سـاڵی 2017 هەشت هەلیکۆپتەری دیکەی لەم جۆرە لە ئەمەریکا وەربگرێت. بەهای ئەم 16 هەلیکۆپتەرە دەگاتە نزیکەی 800 ملیۆن دۆلار.

خانم ئەلیس وێلز باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ ئوردن گوتی ئەم هەلیکۆپتەرانە و یارمەتیـیە ئابوری و ئاسایشیـیەکانی دیکە تواناکانی ئوردن زیاتردەکەن لەو ڕۆڵەی دەیبینێت لە نێو هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی داعش. باسی لەوەش کرد لە چوارچێوەی ئەم یارمەتیـیە لەشکریـیانەی ئەمەریکا بۆ ئوردن چەک و ئامێری چاوێریش ڕەوانەدەکرێن.

پاشان گوتی واشنتن پابەندە بەوەی لە پاڵ ئوردندا بوەستێت لەم کاتەی ڕووبەڕووی مەترسی تێرۆرستی دەبێتەوە. ئاماژەی بۆ لێدوانێـکی ئەم دوایـیانەی سەرۆک ئۆباما کرد کە گوتبوی بەهۆی شەڕی داعشەوە ئوردن ئەرکی قورس کەوتووەتە سەر شانی.

XS
SM
MD
LG