Accessibility links

ئیڤانکا ترامپ بە فەرمی دەبێتە کارمەندی کۆشکی سپی


کچە گەورەی ترامپ بە فەرمی دەچێتە نێو بەڕێوەبەرایەتییەکەی باوکی و وەک کارمەندێکی بێ موچە کاردەکات، دوای ئەوەی بڕیاری دا بە شێوەیەکی زیاتر فەرمیانە لە کۆشکی سپیدا ببێت، لەم کاتەی لە لایەن شارەزایانی ڕەوشتی کارکردن تێبینی لەسەر بوو.

ئیڤانکا ترامپ ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند لە کۆشکی سپی خزمەت دەکات وەک کارمەندێکی بێ موچە. دەڵێت گوێبیستی نیگەرانی هەندێک کەس بووە لەوەی لەسەر بنچینەی پەیوەندی کەسایەتی ببێتە ڕاوێژکاری سەرۆک. وتیشی لەگەڵ پارێزەرانی کۆشکی سپی و پارێزەرانی خۆدی خۆی کاردەکات تا ڕێگەچارەیەک بدۆزنەوە بۆ سروشتی ئەو ڕۆڵە بێ پێشینەیەی کچی سەرۆک دەیبینێت.

یەکەم جار ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئەم هەواڵەی ئیڤانکا ترامپی بڵاوکردەوە. کاربەدەستێکی کۆشکی سپی وتی ناونیشانی کاری ئیڤانکا یاریدەدەری سەرۆک دەبێت.

لە بەیاننامەیەکدا کۆشکی سپی وتی" جێی خۆشحاڵییە ئیڤانکا ترامپ ئەم هەنگاوەی ناوە بۆ گێڕانی ئەم ڕۆڵە بێ پێشینەیە وەک کچە گەورەی سەرۆک."

ئیڤانکا ترامپ پێشتر ڕایگەیاندبوو مۆڵەتی ئاسایشی وەردەگرێت و دەچێتە ئۆفیسێکی دیوی ڕۆژئاوای کۆشکی سپییەوە، بەڵام بە فەرمی پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتییەوە ناکات. ئەم بڕیارەی بووە جێی ڕەخنەی شارەزایانی ڕەوشتی کارکردن.

چەند پارێزەرێک و بەرپرسی چاودێری حکومەتی ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو نامەیەکیان بۆ پارێزەری کۆشکی سپی ڕەوانەکرد و تیایدا داوایان لێکرد پیاداچوونەوە بەو مۆڵەتەی بکات کە بە ئیڤانکای داوە بۆ کارکردن لەگەڵ باوکی بەبێ ئەوەی بووبێتە کارمەندێکی حکومەت.

کارێکی لەم جۆرە چەند مەرجێکی شەفافیەت و پابەندبوون بە ڕەوشتی کاری دەوێت، لەوانە نابێت بەرژەوەندیەکان بەیەکەوە گرێ بدرێن. هەروەها نابێت دیاری و پارە لە هیچ لایەنێکی بیانی وەربگریت.

ئیڤانکا ترامپ وتی خودی خۆی دەیەوێت پەیڕەوی ئەو یاسا و ڕێسایانە بکات.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG